Dildar Baykan Atalay
28 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2022
واشنتۆن-AA
رێکخەری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، برێت مەکگۆرک، ئاماژەی بەوە کرد گەڕی ھەشتەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران کە لە ڤیەننا بەردەوامە خەریکە کۆتاییدێت و جەختی لەوە کردەوە کە لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن ئەوە "تا دوا رادە ئامادەن" بۆ بژاردە سیاسییەکانی دیکە.
لە میانی بەشدارییکردنی لەو چالاکییەی کە دامەزراوەی ھزریی کارنیگی بۆ ئاشتیی جیھانی کە ناوەندەکەی لە واشنتۆنە رێکیخستبوو، برێت مەکگۆرک گوتارێکی پێشکەش کرد.
مەکگۆرک ئاماژەی بەوە کرد کە گەڕی ھەشتەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران کە لە ڤیەننا بەردەوامە خەریکە کۆتایی دێت و گوتی: "چانسی گەیشتن بە رێککەوتن ھەیە و بە ھەمان شێوە چانسی نەگەیشتن بە رێککەوتن زۆر بەرزە. بۆ ھەردوو سیناریۆكهش لەوپەڕی ئامادەباشیداین".
سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە ئێران لە ماوەکانی رابردوودا زۆر بە باشی توانا ئەتۆمییەکانی زیاد کردووە و گوتی: "بیرکردنەوە لە ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی ناھێڵێت شەوان بخەوم، بەڵام لەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە بە ھیچ شێوەیەک ئەوە نابێت".
- "ئەوە پشتڕاست دەکەینەوە کە ھێرشە سەربازییە فراوانەکان لە سووریا کۆتایی ھاتووە"
برێت مەکگۆرک باسی لە پرسی سووریا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا ھێشتا لە دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ رژێمی سووریا.
مەکگۆرک ئاماژەی بەوەش کرد کە بە وڵاتەکانی دیکە ناڵێن "نەخێر" کە لە چەند بابەتێکی دیاریکراودا پەیوەندی لەگەڵ رژێمی ئەسەد دروست دەکەن و گوتی: "ئەوە پشتڕاست دەکەینەوە کە ھێرشە سەربازییە فراوانەکان لە سووریا کۆتایی ھاتووە. قۆناغی شەر لە بنەڕەتدا تەواو بووە و دەمانەوێت پارێزگاریی لەم دۆخە بکەین".