Dlshad Saifaalddin Ahmed
22 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2018
سلێمانی ـ AA
رێكخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، هۆشیار عومەر لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە دواین هەڵوێستی ئەمریكا لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند و داواكاری ئەوان لە لایەنە كوردییەكان، پرسی هەڵبژاردنەكانی عێراق و دواین گۆڕانكارییەكان قسەی كرد.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو شاندێكی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ جەنگی داعش، برێت مەكگۆرگ و ئەنداميیەتی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا كۆنسوڵی ئەمریكا لە هەرێم لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و جێگرەكەی، هەروەها بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەنێویاندا بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە.
هۆشیار عومەر كە لەو كۆبوونەوەیەدا بەشدار بووە لەو بارەیەوە دوا و گوتی: "ئەمساڵ بۆ عێراق ساڵێكی گرنگە و تیایدا هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەڕێوەدەچێت، هەروەها ئێستا عێراق لە كۆتایی شەڕی داعش و گەڕانەوەی سەقامگیری و بنیاتنانەوەدایە بەتایبەت لەو ناوچانەی كە وێران بوون، بۆ ئەمریكاش عێراق جێگای بایەخە و لە كۆبوونەوەكانی ئەمجارەیان لەسەر دوو بابەت لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆیان كرد".
ئەو گوتی: "بابەتی یەكەم لەسەر ناوخۆی هەرێمی كوردستان قسەیان كرد و ئەوان داوای چاكسازیان كرد، ئێستاش ئەمریكا كار لەسەر ئەوە دەكات حكوومەتی هەرێم بەهێز بكات و لە بەرامبەردا پارتە سیاسییەكان ئەو هێزەیان نەمێنێت، چونكە لە ماوەی رابردوودا حزبی سیاسی دەسەڵاتی بەسەر حكوومەت و پەرلەماندا هەبووە، ئەوان باسیان لەوەش كرد پێشتریش دژی ئەوەبوون حكوومەتی هەرێم بە شێوەیەکی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت و پێیان وایە كە دەبێت لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بێت كە بە شێوەیەكی شەفافتر بەڕێوەدەچێت و بوودجەی هەرێم دابین دەكات".
هۆشیار عومەر باسی لەوەش كرد لایەنی ئەمریكی جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە وادەی خۆیدا دەكەنەوە و پشتیوانی لە حەیدەر عەبادی دەكەن بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات، لەو بارەیەوە گوتی: "ئەمریكا ئەوەی بەلاوە گرنگە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە كاتی خۆیدا بەڕێوە بچن و پشتیوانی لە سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق، حەیدەر عەبادی دەكەن بۆ ئەوەی بۆ خولێكی تری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵات بگرێتەوە دەست، باسی ئەوەشیان كرد كورد رۆڵی یەكلاكەرەوەی هەیە و هیچ لیستێك ناتوانێت زۆرینە بەدەست بهێنێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت، لەبەر ئەوە بۆ كورد گرنگە لە رووی سیاسییەوە یەكڕیز بن بۆ ئەوەی ئەوەی دەیانەوێت لە رووی ماف و ئامانجەكانەوە بەدەستی بهێنن".
ئەو گوتی: "سیاسەتی ئێستای ئەمریكا ئەوەیە كە لەنێو لیست و بەربژێرەكانی ئێستادا، حەیدەر عەبادی بە باشترین دەزانێت".
ئەو هەروەها گوتی: "ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئێستا بەرنامەیەكی هەمەلایەنەی سیاسی ئابووری سەربازیان هەیە بۆ عێراق. لە رووی ستراتیجییەوە دەیانەوێت عێراق رێكبخەنەوە و گۆڕانكاری ئەنجام بدەن، ئەم گۆڕانكاریانەش دەبێت هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، دیارە ئەوان پێیان وایە ئەو كێشە و قەیرانانەی لە هەرێمی كوردستان و عێراق بوونیان هەیە پەیوەستە بەو كەسانەی لەماوەی رابردوودا حوكمیان كردووە و ئەوان بە بەرپرسیار دەزانن لە خراپی حوكمڕانی و بوونی گەندەڵی زۆر، بۆیە بەردەوام بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن ئەو گۆڕانكاریانە كارەكتەری نوێ و هێز و سیاسەت و روئیایەكی نوێی پێویستە، لەو چوارچێوەیەدا بزووتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی كاریگەر دەبینرێت و لە كۆبوونەوەكانیشدا گۆڕان راستەوخۆ بە ئەمریكی و ئەورووپیەكانیشی وتووە خۆی و هاوپەیمانەكانی وەك بەدیلی حوكمڕانی دەبینێت بۆ قۆناغی داهاتوی هەرێمی كوردستان".
دوای دوو رۆژ لەو سەردانەی شاندی ئەمریكا و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیران، نێچیرڤان بارزانی و جێگرەكەی قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی كۆبوونەوە، ئەوەش یەكەم سەردان و كۆبوونەوەی لەو شێوەیە لە دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلوولی رابردوو.
لە بەغداشەوە هەمان شاندی هەرێم راستەوخۆ بەرەو كۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێكەوتن و لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ سەركۆمار و بەرپرسانی تری باڵای ئێرانی دیدار و گفتوگۆیان كرد.
بەرپرسی ژووری دیپلۆماسی بزووتنەوەی گۆڕان لە بارەی هەوڵەكانی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی و وڵاتانی دەرەوە دوا و گوتی: "ئەوەی پڕۆسەكەی ئاڵۆزتر كردووە هەڵبژاردن و پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراقە، ئێستا كورد بووەتە كارتێكی هەڵبژاردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا. لە ئاستی شەقامیشدا لەنێو هەندێك لایەنی عێراقیدا دژایەتیكردنی كورد بووەتە كارتێك بۆ خۆ بەهێزكردن لەئاستی شەقامدا. سەرۆكوەزیران و لایەنە سیاسییەكان بۆ خۆیان دەزانن بە بێ كورد ئەستەمە رەوشی عێراق ئاسایی ببێتەوە و بەڕێوەبچێت، ئێمە پێمان وایە پەیوەندییەكان بە ئاراستەی باشبوون و گەڕانەوە بۆ دۆخی جاران دەچن".
ئەو لەو بارەیەوە زیاتری گوت "بۆ كورد گرنگە خاوەنی ستراتیجییەتی نیشتمانی خۆی بێت جیاواز لە ستراتیجییەتی بەغدا و سیاسەتەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتانی دراوسێ، هەروەها ئاسایشی نەتەوەیی خۆی هەم پێناسە بكات و هەم بێلایەن بێت لە هەندێك ململانێی ناوچەكەدا، چونكە ئەو ململانێیانە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".
ئەو بەرپرسەی گۆڕان باس لەوەش دەكات وڵاتانی دراوسێ و جیهان بە گرنگییەوە لە هەرێمی كوردستان دەڕوانن، ئێران و توركیا وەك دوو وڵاتی دراوسێ پەیوەندی باشیان هەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و لە دوای ریفرادۆمیشەوە بۆخۆیان رایانگەیاندووە كە كێشەیان لەگەڵ بەشێك لە سیاسییەكان هەیە و هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ هەرێم و خەڵكەكەی نییە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەورووپا و ئەمریكا گرنگی زیاتر بە هەرێمی كوردستان دەدەن و لە لایەن ئەوانەوە پارێزراوە، تەنانەت لە دوای رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو ئەوان هەرێمی كوردستانیان پاراست لە پلان و هەوڵی چەند لایەنێكی عێراقی بۆ گەیشتنیان بە شارەكانی تری هەرێمی كوردستان.