Kasım İleri
13 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2021
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ ئاشكرایكرد، ئێران رێگەی بە رێکخراوی تیرۆریستی ئهلقاعیدە داوە ناوەندی ئۆپەراسیۆنی نوێ لەناو ئێران دابمەزرێنن و ناوی پێنج سەردەستەی ئهلقاعیدەیان لە ئێران خستووەتە لیستی تیرۆری جیھانییەوە.
مایك پۆمپیۆ لە راگهیهنراوێكدا لهوبارهیهوه، ئاشكرایكرد ھەریەک لە عەبدولڕەحمان مەغریبی کە بە محەمەد عاباتایش ناسراوە، سوڵتان یوسف حەسەن ئەلعەریف لەگەڵ ئەو سەردەستانەی کە لە سنووری ئێران-عێراق چالاکی ئەنجامدەدەن و لە کەتیبەی ئهلقاعیدەی کورددان ئیسماعیل فوئاد رەسول، نیعمەت حەمە رەحیم شەریفی و فوئاد ئەحمەد نوری عەلی ئەلشاھان، کە پێشتر لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە خراونەتە لیستی سزا ئابوورییەکانەوە، ناویان خراوهته لیستی تایبەتی تیرۆری جیھانی.
پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەشكرد کە لە چوارچێوەی ئەم سزایانەدا مامەڵەی ھاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەو کەسانەدا قەدەغەکراوە و رایگهیاند: "وەزارەتی دەرەوە لە چوارچێوەی پرۆگرامی خەڵات بۆ دادپەروەری، بڕی حەوت ملیۆن دۆلاری وەکو خەڵات داناوە بۆ ئەو کەسەی کە شوێن و ناسنامەی عەبدولڕەحمان مەغریبی کە گرنگترین سەردەستەی ئهلقاعیدەیه لە ئێران دەستنیشان دەکات".
وهزیری دهرهوهی ئهمریكا لەو کاتەی کە راگهیهنراوهكهی بڵاوكرایهوه، لە یانەی نیشتمانی میدیایی لە واشنتۆن لێدوانی دهدا.
مایك پۆمپیۆ باسی لەوەکرد کە ئیدارەی تاران بۆ خۆنیشاندان سنووردارکردنی توندی خستووەتە سەر ئەندامانی ئهلقاعیدە لە ئێران و رایگەیاند ئیدارەکانی ئەمریکا باوەڕ بەوە ناکەن کە فەرمانی زۆربەی ھێرشەکانی ئهلقاعیدە لە ئێرانەوە دێت بەڵام، ئەوە راستییە.
ئاماژەی بەوەکرد کە لە ساڵی ٢٠١٥ کاتێک گرووپی وڵاتانی ٥+١ کە ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیاش لە نێوانیدا بوو خەریکی رێککەوتنی ئەتۆمی بوون لەگەڵ ئێران، پەیوەندیی نێوان تاران و ئهلقاعیدە گۆڕاوە و رایگهیاند: "کەواته با زانیارییەکی نوێ بدەم بە رای گشتی سەبارەت بەوەی روویدا: ئێران، بەمەرجی پابەندبوونی رێکخراوەکە بە رێنماییەکانی رژێم و مانەوەی لەژێر کۆنترۆڵی خۆی رێگەی بە ئهلقاعیدە دا ناوەندێکی ئۆپەراسیۆن لە ئێران دروستبکەن. جگە لەوە ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە رێگەی بە سەردەستەکانی ئهلقاعیدە داوە لە ژێر چاودێری رژێم بسوڕێنەوە. وەزارەتی ھەواڵگریی و ئاسایشی ئێران و سوپای پاسدارانی ئێران، پاڵپشتیی لۆجیستی وەکو دابینکردنی پاسپۆرت، ناسنامە، بەڵگەی گەشتکردن و شوێنی مانەوەی بۆ کەسانی سەربە ئهلقاعیدە دابینکردووە. لەگەڵ ئەم پاڵپشتییه، ئهلقاعیدە ناوەندی سەرکردایەتی بۆ تاران گواستووەتەوە".
پۆمپیۆ تیشكی خستهسهر ئهوهش کە سەردەستەکانی ئهلقاعیدە لە ئێران، پەیوەندییان لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکەی سەر بە ئهلقاعیدە لە جیھان دروستکردووە و ھاوکاری کراون و رایگهیاند: "لە زۆر بابەتدا لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن. لە ئێسادا ئامرازی نوێیان لەبەردەستدایە بۆ کاری تیرۆریستی. کۆماری ئیسلامی ئێران، کە گەورەترین پشتیوانی تیرۆرە لە جیھان ئیتر بووەتە پەناگەیەک بۆ ئەوان".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کوشتنی پلانداڕێژەر و رێکخەری ھێرشە تیرۆریستییەکەی ساڵی ١٩٩٨ی سەر باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە کینیا و تهنزانیا، سەردەستەی ئهلقاعیدە، محەمەد میسری لە ٧ی ئابی ساڵی ٢٠٢٠ لە تاران پشتڕاستکردەوە.