Hemin Othman Mohammed
20 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2022
نیویۆرک - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا رایگەیاند: ''رێککەوتن کرا لەبارەی گۆڕینەوەی ٢٠٠ دیل. ئەمە پێشهاتێکی باشە، چونکە هەنگاوێکی زۆر زۆر گرنگ دەنرێت''.
ئەردۆغان کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی خولی ٧٧هەمینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە شاری نیویۆرکی ئەمریکایە، وەک میوانی کەناڵی PBSی ئەمریکی، باسی لە سیاسەتی دەرەکی تورکیا و بابەتەکانی رۆژەڤی جیهان کرد.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی، سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند: ''پێداگرانە ئارەزوومەندی کۆکردنەوەی ئەم دوو سەرکردەیەین. هێشتا لەمەدا سەرنەکەوتووین، بەڵام بێ ئومێدیش نین''.
گوتیشی: ''گفتوگۆ لەگەڵ پوتین و زێلێنسکی دەکەین. ئەمە بە لایەنی یەک سەرکردە ناکرێت، پێویستە لەگەڵ هەردوو سەرکردەکەدا گفتوگۆ بکەین و هەوڵ بدەین بگەینە ئەنجام''.
لە وەڵامی پرسیارێکی بێژەرەکەدا کە لێی پرسی ''نیازی بەشداریکردنتان هەیە لە رێکخراوی هاریکاری شەنگهای، بەڵام لەم رێکخراوەدا رووسیا، چین و ئێران هەن، کە ئەوە رێکخراوێکی بەها و ئامانجی زۆر جیاوازی لە ناتۆ هەیە. ئێوە دەتانەوێت وڵاتەکەتان ببێتە بەشێک لە خۆرهەڵات یان خۆرئاوا؟'' ئەردۆغان رایگەیاند: ''ئێمە پارچەیەکی جیهانین، نە خۆرهەڵات نە خۆرئاوا، بەڵام یەکێتیی ئەورووپا ٥٢ ساڵە بە بەردەوامی بەڕێمان دەکات، بەداخەوە هێشتا نەیکردووینەتە ئەندام.٥٢ ساڵە یەکێتیی ئەورووپا ئێمە لە خۆی نزیک ناکاتەوە. پاشان دەڵێت 'بۆ لەگەڵ ئەم لا و ئەولا گفتوگۆی کرد'. گفتوگۆ دەکەم. لەم بابەتەدا پرس بە یەکێتیی ئەورووپا ناکەین''.
ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند: ''سیاسەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ پشتگوێخستنی تورکیا بەتاکتیکی سەرقاڵکردن کە خۆی پێگەیەکی بەهێزی هەیە زۆر مانادارە. لەوانەیە بە ناچاری لە دۆخێکدا بین بە دوای بژاردەی دیکەدا بگەڕێین''.
سەرکۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا لە پیشەسازی بەرگرییدا لە شوێنی خوازراودا نییە و گوتی: ''پێویستە پیشەسازی بەرگریی بگەیەنینە شوێنێکی باش. بۆ نموونە بابەتی F-16 هەیە. ئێمە F-16مان لە ئێوە کڕیوە. بەو پێیەش دەبێت ئەوەی ماوە وەریگرین، بەڵام لێرەدا هەڵوێستی سیاسیی بڕیار دەدات و لە بارەی F-16ەوە هێشتا سزای تورکیا دەدرێت، ئەوە زۆر هەڵەیە بۆ دوو وڵاتی دۆست. لە کۆتاییدا بەڕێز بایدن بەڵێنی پێدام بۆ چارەسەرکردنی. دەزانم لە ئێستادا بایدن ئەرێنییانە لەمە دەڕوانێت، تەنانەت لەگەڵ کۆمارییەکانیشدا کۆبوونەوەمان لەو بارەیەوە کرد، ئەوانیش پێیان گوتم کە بە ئەرێنیی لێی دەڕوانن. ئەگەر لەبارەی F-16ەوە ئەوەی دەمانەوێت لە ئەمریکای وەرنەگرین، چی دەکەین؟ خۆمان چارەسەرێکی بۆ دەدۆزینەوە. ئێوە دێن هەموو جۆرە پشتیوانیەک لە یۆنان دەکەن لە بارەی F-16ەوە، لەوێ بنکە دروست دەکەن، بەڵام بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا لە وڵاتێکی دۆستی ناتۆیە و لە پێنج وڵاتی یەکەمە کە هەموو پشتیوانییەکی ناتۆ دەکات ئەو پشتیوانییەی ناکەن. لەو رووەشەوە ئەوەی تورکیا دەبێت بیکات خۆی بە دوای چارەسەرێکدا بگەڕێت. ئەگینا جگە لەوە ئێمە لەگەڵ ئەمریکادا کێشەمان نییە''.
هاوکات سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: ''نیگەران نین لەبارەی بردنەوەی هەڵبژاردنەکان. باش زمانی گۆڕەپانەکان دەزانم. تا متمانەی گەلەکەمان بەردەوام بێت کەس ناتوانێت رامانبگرێت، چونکە هیچ جێگرەوەیەک نییە''.