Muhammet Kurşun
07 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2020
تاران – AA
لە ئێران له میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٢٣٩ کەس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌مه‌یش ژماره‌ی ئه‌و کەسانه‌ی تا ئێستا به‌هۆی ئه‌و په‌تا جیهانگیره‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ ٢٧ هه‌زار و ٦٥٨ كه‌س.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ئێران، سیما سادات لاری رایگه‌یاند کە له میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٢٣٩ کەس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ گیانیان له‌ده‌ستداوه، هه‌روه‌ها چوار هه‌زار و ١٩ حاڵه‌تی نوێی تووشبوون به‌و په‌تایه تۆمار كراون، ئەمەش بەرزترین ژمارەی تووشبوونە تا ئێستا لە ماوەی یەک رۆژدا تۆمار کرابێت.
تا ئێستا ٢٧ هه‌زار و ٦٥٨ كه‌س به‌هۆی كۆرۆناوه گیانیان له‌ده‌ستداوه و ژماره‌ی تووشبووانیش گه‌یشتووه‌ته، ٤٨٣ هه‌زار و ٨٤٤ كه‌س.
هەروەها ره‌وشی ته‌ندروستیی چوار هه‌زار و ٢٧٤ کەس ناجێگیره و ٣٩٧ هه‌زار و ١٠٩ کەسیش چاكبوونه‌ته‌وه و ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه كراونه‌ته‌وه.
سیما سادات لاری سه‌رنجیشی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه دامەزراوە تەندروستییەکانی وڵاتەکەی تا ئێستا، چوار ملیۆن و ٢٠٧ هه‌زار و ٦٣١ پشكنینی کۆرۆنایان ئه‌نجامداوه.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە کۆی ٣١ پاریزگای وڵاتەکەی ٣٠یان لە لیستی سوور و مەترسیداردان.
بەهۆی زۆری ژمارەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە پارێزگاکانی تاران، قوم، قەزوین و ئەلبورز دووبارە رێوشوێنەکان توندکراونەتەوە.
یه‌كه‌م حاڵه‌تی تووشبوون به کۆرۆنا لە ئێران له ١٩ی شوباتی رابردوو له شاری قوم تۆمار كرا.