Yusuf Özcan
25 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2019
پاریس - AA
سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن رایگه‌یاند، هه‌لومه‌رجی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دیدار و دانوستان له نێوان سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ و سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی به شێوه‌یه‌كی خێرا، ره‌خسێنراوه.
ئیمانوێل ماكرۆن كه له چوارچێوه‌ی کۆبوونەوەکانی خولی ٧٤ه‌مین کۆمەڵەی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا له نیویۆركه، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی سازدا.
سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن رایگه‌یاند، پێویسته ئێران نه‌بێته خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمی، قه‌یرانی یه‌مه‌ن كۆتایی پێ بێت، ئاسایش له ناوچه‌كه‌دا ده‌سته‌به‌ربكرێت و سزا ئابوورییه‌كان هه‌ڵبگیرێن و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا کە له چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كاندا، سه‌رۆكی فه‌ڵه‌ستین، مه‌حمود عه‌باس و سه‌ركۆماری میسر، عه‌بدولفه‌تاح سیسی كۆكراونه‌ته‌وه.
ئیمانوێل ماكرۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه به‌جیاجیا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه له سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ و سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی كۆبووه‌ته‌وه و گوتی: "هه‌لومه‌رجی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دیدار و دانوستان له نێوان تره‌مپ و روحانی به شێوه‌یه‌كی خێرا، ره‌خسێنراوه".
سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن جه‌ختیكرده‌وه كه ئیدی پێویسته ئێران و ئه‌مریكا له‌وباره‌وه هه‌نگاو بنێن و گوتی: "ئه‌مریكا تا له‌سه‌ر هه‌ندێك بابه‌ت بیرۆكه‌ی نه‌بێت، سزاكانی سه‌ر ئێران هه‌ڵناگرێت".
ئیمانوێل ماكرۆن رایگه‌یاند كه ئه‌مریكا و ئێران بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه و رێككه‌وتن، نیازی هاوبه‌شیان هه‌یه و تره‌مپ نیگه‌رانه له هه‌ڵكشانی گرژییه‌كان له ناوچه‌كه‌دا و نایه‌وێت ئێران ببێت به خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمی.
سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن باسی له‌وه كرد كه ئێرانیش داوای هه‌ڵگرتنی سزاكان ده‌كات و گوتی: "فه‌ڕه‌نسا ئێران و ئه‌مریكا نییه. ههلومهرجهكانمان بۆ دانوستان ره‌خساندووه و ئیدی پێویسته هه‌ردوو وڵات به ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی خۆیان هه‌ستن".
ئیمانوێل ماكرۆن جه‌ختیشیكرده‌وه كه له‌ئێستادا هه‌لێكی باشه بۆ ده‌ستپێكردنی دانوستان كه حەسەن روحانی له ئه‌مریكایه.
سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن له وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه فه‌ڕه‌نسا رۆڵی نێوه‌ندگیریی له نێوان ئه‌مریكا و ئێران له‌ئه‌ستۆگرتووه یان نا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی ئه‌ركێكی له‌وباره‌وه وه‌رنه‌گرتووه و رۆڵی بۆ خۆی دانه‌ناوه، به‌ڵكو له دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ، تاوتوێی بابه‌تی ئێران-یان كردووه و دواتر باسی گۆڕانی ئاووهه‌وایان كردووه.