Şenhan Bolelli
23 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2021
مەدرید - AA
گڕکانی کومبرێ ڤییەخا کە دەکەوێتە دوورگەی لا پالما لە کۆمەڵە دوورگەکانی کەناریا باشووری رۆژئاوای ئیسپانیا لە ١٩ی ئەیلوولەوە، چالاک بووە و لاڤای گڕکانەکە لە چوار لاوە گەیشتووەتە دەریا.
ئیدارەی خۆجێیی دوورگەی لا پالما ئەوەی ئاشکرا کرد کە لاڤای گڕکانەکە لە لایەکی نوێوە گەیشتووەتە دەریا و بڵاوبوونەوەی غازی لاڤاکە کاریگەری لەسەر زیاتر لە سێ هەزار کەس دروست دەکات لە چوار ناوچەی نیشتەجێبوون.
فەرمانگەی پلانی تایبەت بە دۆخی بەپەلە لە ناوچەی گڕکانەکانی دوورگەکانی کەناریا داوای لە هاووڵاتییانی ناوچەکە کرد بەهۆی زیادبوونی پیسبوونی هەوا و بڵاوبوونەوەی غازەوە لە دۆخی زۆر پێویستدا نەبێت، نەچنەدەرەوە و دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانیشیان بەداخراوی بهێڵنەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە سیستمی وێنەگریی کەشتییە ئاسمانییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە نوێترین زانیاریدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لاڤای گڕکانی کومبرێ ڤییەخا بە هەزار و ٦٥ هێکتار زەویدا بڵاوبووەتەوە.
لاڤای گڕکانەکە بووەتە هۆی رووخانی دوو هەزار و ٦٥١ بینا کە زۆرینەیان یەکەی نیشتەجێبوون بوون، هەروەها زیانیشی بە زیاتر لە ٩٥ هەزار بینای دیکە گەیاندووە.
گڕکانی کومبرێ ڤییەخا کە تا ئێستا نزیکەی ٩٠٠ ملیۆن یورۆ زیانی بە دوورگەی لا پالما گەیاندووە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی حەوت هەزار کەس، بووەتە ئەو گڕکانەی لە مێژوودا درێژترین ماوەی چالاکبوونی هەبووە.
بە بڕوای چاودێران لە ئایندەیەکی نزیکدا گڕکانەکە ناکوژێتەوە.
لە کاتی چالاکبوونی گڕکانەکەوە تا ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار و ٢٠٠ بوومەلەرزە لە دوورگەی لا پالما روویانداوە.