Sarmand Hameed
05 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2018
قودس - AA
ئیسرائیل رایگەیاند هاوپەیمانییەتێکی سەربازیی لەگەڵ چەند وڵاتێکی رۆژئاوا و عەرەب دژ بە ئێران پێکدەهێنێت ئەگەر تاران وەڵامی داواکارییەکانی ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەداتەوە.
وەزیری کاروباری هەواڵگری ئیسرائیل، یسرائیل کاتس لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی ئیسرائیل گوتی: "هاوپەیمانییەتێکی سەربازیی کە چەند وڵاتێکی رۆژئاوا، عەرەب و ئیسرائیل لەخۆدەگرێت، دژ بە ئێران پێکدەهێنرێت ئەگەر تاران وەڵامی داواکارییەکانی ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەداتەوە".
یسرائیل کاتس گوتیشی: "وەڵامی رۆژئاوا بۆ هەڕەشەکانی ئێران پێویستە روون بێت".
وەزیری کاروباری هەواڵگری ئیسرائیل ناوی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا نەکرد کە بڕیارە لە هاوپەیمانییەتییەکەدا هەبن.
ئەم لێدوانەی یسرائیل کاتس هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی ژمارەیەک زۆری وڵاتانی رۆژئاوا کە دژایەتی هەڵوێستی ئەمریکا دەکەن لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران.
کاتیس رایگەیاندووە کە "ئەو سزایانەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەسەر تاراندا سەپاندوویەتی، خەریکە بەربوومەکەی دەڕندرێتەوە".
وەزیری کاروباری هەواڵگری ئیسرائیل گوتیشی: "ئێران دوو رێگای لەبەردەمدایە، ئەوانیش بریتین لە رازیبوون بە هەڵویستەکانی ئەمریکا یان داڕمان لەژێر فشارەکانی ئابووری"
یسرائیل کاتس جەختی کردەوە کە ئیسرائیل رێگا بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەست بخات.
لە ئێستادا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو لە گەشتێکدایە کە هەریەک لە ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا دەگرێتەوە بە ئامانجی رازیکردنی سەرکردەی ئەو وڵاتانە بۆ پاڵپشتیکردن لە هەڵویستی رەتکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک.
هەشتی ئایاری رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک راگەیاند.