Zein Khalil,Gülşen Topçu
23 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2023
قودس - AA
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یوئاڤ گالانت ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران کەشتییە مەدەنییەکانی کردووەتە بنکەی تیرۆری دەریایی.
یوئاڤ گالانت لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ''هێرزلیا ٢٠٢٣'' کە لەژێر ناوی ''دید و ستراتیجەت لە سەردەمی نادیاردا'' کە لەلایەن پەیمانگای سیاسەت و ستراتیجیی زانکۆی ئیسرائیل ریشمان سازکرابوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یوئاڤ گالانت گوتی: ''ئێران کەشتییە بازرگانییە مەدەنییەکانی دەکاتە کەشتی سەربازیی. ئەم کەشتییانە بەشێوەیەک دیزاین کراون کە هەموو جۆرە چەکێک هەڵگرن، لەوانەیش فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، مووشەک، سیستمەکانی هێرشکردن و هەواڵگریی پێشکەوتوو. دەتوانن دەیان و سەدان تۆن هەڵگرن. ئێران بەم شێوەیە ئەم کەشتییانە لە ناوچەکانی دوور لە سنووری ئێران دەکاتە بنکەی تیرۆر''.
گالانت هەروەها باسی لەوە کرد کە لە ماوەی رابردوودا یەکێک لەو کەشتییانە بەرەو کەنداوی عەدەن دەچێت و ئەوەیش بەشێکە لە تیرۆری دەریایی کە ئێران لە کەنداو و دەریای عەرەب پەیڕەوی دەکات. حکوومەتی تاران هەوڵ دەدات ئەم کردانە فراوانتر بکات بەشێوەیەک زەریای هیندی، دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست بگرێتەوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە ئەمە سیاسەتێکی پلان بۆ داڕێژراوی "چەتەی دەریایی"ە کە هەڕەشەیە بۆسەر گواستنەوەی سەربازیی و مەدەنی و مەترسی درێژخایەن بۆسەر دەریاکان دروست دەکات.
یوئاڤ گالانت باسی لەوە کرد کە دەتوانرێت ئەو کێشەیە بە هاریکاری نێودەوڵەتی و دروستکردنی هاوپەیمانی دژەتیرۆر چارەسەر بکرێت و گوتی: ''ئێران لە پشت ئەو هەڕەشانەوەیە کە ئەمڕۆ لە کەرتی غەززە، لوبنان، سووریا و کەناری رۆژئاوا رووبەڕووی بووینەتەوە. ئێران گەورەترین مەترسییە لەبەردەم سەقامگیریی هەرێمیی و نێودەوڵەتییدا. ئێران لە رێگەی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە جەنگ دژبە ئیسرائیل بەڕێوەدەبات''.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یوئاڤ گالانت سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، رایگەیاند: ''ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە پێشکەوتووترین قۆناغدایە و بە چەکی ئەتۆمی هەڕەشەیەکی جیددیە بۆسەر هەموو جیهان و ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە بەردەم هەڕەشە. پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی سەدا ٩٠ هەڵەیەکی گەورە دەبێت بۆ ئێران، چونکە رژێمی تاران دەزانێت ئەمە باجی قورس و دەرەنجامی تۆقێنەری دەبێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست''.
یوئاڤ گالانت هەروەها لەبارەی گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، رایگەیاند: ''سووریا وەک زەمینەیەکی لەبار بۆ تیرۆریزمی شیعە ماوەتەوە، هەتا رێگە بدات ئێران و بریکارەکانی لە خاکەکەیدا چالاکی ئەنجام بدەن (ئەم گەڕانەوەیەی) بۆ ئیسرائیل واتایەکی نابێت''.