Zana Natık Kerem
20 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2018
قودس ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی ئیسرائیل رایگەیاند، پشتبەستن بە یاسای نوێ، هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی 12 هاووڵاتی فەڵەستینی لە قودسی رۆژهەڵات دەكات كە زۆربەیان سەر بە بزووتنەوەی حەماس-ن.
لە روونكردنەوەیەكدا كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، وەزارەتی ناوخۆی ئیسرائیل بڵاویكردووتەوە، وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل، ئەرییە درعی هەڵسەنگاندن دەكات بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی 12 چالاكوانی سیاسی لە قودسی رۆژهەڵات.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا پەرلەمانی ئیسرائیل (كنێست) یاسایەكی پەسەند كرد كە رێگە بە وەزیری ناوخۆ دەدات مۆڵەتی نیشتەجێبوونی ھەمیشەیی ئەو كەسانە لە قودس ھەڵبوەشێنێتەوە كە تۆمەتبار دەكرێن بە تێوەگلان لە كاری تیرۆریستی یان تێكدانی ئاسایشی ئیسرائیل".
وەزارەتی ناوخۆی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە كە وەزیری ناوخۆ لە داواكەیدا روونیكردووەتەوە پشتبەستن بە هەمواركردنەوەی یاسای هاتن بۆ ئیسرائیل، بیر لەوە دەكاتەوە مۆڵەتی نیشتەجێبوونی ئەو 12 كەسە لە شاری قودسی رۆژهەڵات هەڵبوەشێنێتەوە و روونیكردووەتەوە كە دەرفەت لەبەردەم ئەو كەسانە هەیە تا داواكارییەكانی خۆیان بۆ مانەوە پێشكەش بكەن بەرلەوەی وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل بڕیارەكە جێبەجێ بكات.
وەزارەتی ناوخۆی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە ئەو بڕیارە هەر یەكە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی یاسادانان لە بزووتنەوەی حەماس لە بازنەی قودس، محەمەد ئەبو تەیر ئەحمەد عەتوان، محەمەد توتح و وەزیری كاروباری پێشووی قودس، خالید ئەبو عرفە لەگەڵ محەمەد ئەبو كەف، وەلید ئەتڕەش، عەبد دویات، بیلال ئەبو غانم كە بە تاوانی ئەنجامدانی زنجیرەیەك هێرش لە ساڵی 2015دا كە بە هۆیەوە دوو هاووڵاتی ئیسرائیل كوژراون دادگایی كراون، لەگەڵ هەریەكە لە وائیل مەحمود محەمەد عەلی قاسم، وسام سەعید موسا عەباس، محەمەد ئیسحاق شەحادە عودە و عەلائەددین محەمەد عەباس كە لە ساڵی 2002وە سزای هەتاهەتایان بەسەردا سەپێنراوە و لە گرتووخانەكانی ئیسرائیل بەندكراون، دەگرێتەوە.
ئیسرائیل ئەو بەندكراوانە بەوە تۆمەتبار دەكات كە ئەندامن لە بزووتنەوەی حەماس.
لە یاسا نوێیەكەدا كە پەرلەمانی ئیسرائیل پەسەندی كردووە هاتووە، ئەو فەڵەستینیانەی لە قودسی رۆژهەڵات نیشتەجێن، هاووڵاتی نیین.