Mehmet Burak Karacaoğlu,Ahmet Karaahmet
11 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2021
ئیدلب - AA
لە پاریزگای ئیدلب ٥٦ خێزان کە بەھۆی پەلامارەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و ھاوپەیمانانی ئاوارە بوون، لەناو ئەو قوتابخانانەدا دەژین کە لە بۆردومانەکانی ئەسەد و ھاوپەیمانانی بەشێکی زۆریان رووخاوە.
دوای چڕبوونەوەی پەلامارەکانی رژێمی ئەسەد بۆسەر پارێزگای ئیدلب، نزیکەی دوو ملیۆن ھاووڵاتی مەدەنی ئاوارەبوون و بۆ رزگار کردنی ژیانیان روویان لە ناوچە سنوورییەکانی سووریا و تورکیا کردوە.
بەشێک لەو خێزانانە لە کەمپەکانی ناوچە سنوورییەکاندا دەژین و بەشێکیشیان پەنایان بردوەتە بەر بینای داڕوخاوی چەند قوتابخانەیەک.
یەکێک لەو ھاووڵاتییانەی لە ناو قوتابخانەکاندا دەژین، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە بەھۆی خراپی رەوشی ژیانیانەوە منداڵەکانی بەردەوام نەخۆشن، لەبەر ئەوەشی ھیچ جێگەیەکیان نییە بۆی بڕۆن بە ھاوکاری و یارمەتی خێرخوازان دەژین.
ئەو ھاووڵاتییە سوورییە ئاماژەی بەوەشدا کە لە یەکێک لە پەلامارەکانی رژێمی ئەسەددا، قاچی بریندار بووە و توشی گرفت بووە لە رۆیشتندا، باسی لەوەش کرد کە بینای ئەو قوتابخانەیەی تیایدا دەمێننەوە خەریکە دەڕوخێت و لە کاتی باران باریندا بۆ ئەوەی دیوارەکانیان بەسەردا نەڕوخێت، دەچنە ژێر باڵکۆنی قوتابخانەکەوە.
ھاووڵاتییەکی دیکەی نیشتەجێبووی بینای قوتابخانە داڕوخاوەکان، ئەوەی خستەڕوو کە لە وەرزی زستاندا پارەی کڕینی داریان نییە و گوتیشی: "درێژەدان بە ژیان لە ناو بینای قوتابخانە داڕوخاوەکاندا شتێکی سەختە. ئێرە ھیچ مەرجێکی خاوێنی و ژیانی تیادا نییە. لە رۆژانی زستاندا زۆر سەرمامان دەبێت، ھەوڵدەدەین تەنھا بە بەکارھێنانی بەتانی خۆمان گەرم بکەینەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو ھاووڵاتییە رایگەیاند "تەنھا خەونم ئەوەیە زۆپایەکم ھەبێت و منداڵەکانم بتوانن لەبەردەمیدا خۆیان گەرم بکەنەوە، ھەروەھا ئاواتەخوازم بتوانم میوە و سەوزەیان بۆ بکڕم".
- رەوشی ئیدلب
لە دانوستانەکانی ئاستانادا کە لە چوار و پێنجی ئایاری ٢٠١٧ بە بەشداری تورکیا، رووسیا و ئێران بەڕێوەچوو، بڕیاردرا چوار "ناوچەی کەمکردنەی گرژیی" دروست بکرێن لە ئیدلب و ژمارەیەک ناوچەی دەورووبەری پارێزگاکانی (لازقیە، حەمما و حەلەب)، لەگەڵ باکووری پارێزگای حومس، غوتەی رۆژھەڵات و ناوچەکانی باشووری سووریا (پارێزگاکانی دەرعا و قونەیترا).
بەڵام رژێمی بەشار ئەسەد و تیرۆریستانی پشتیوانکراو لەلایەن ئێران بە پشتیوانی ھێزی ئاسمانیی رووسیا لەو چوار ناوچەیە سێیانیانی کۆنترۆڵ کرد و روویان کردە ئیدلب، دواتر لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا تورکیا و رووسیا بۆ بەھێزکردنی ئاگربەستی سووریا رێککەوتنی سۆچی-یان واژوو کرد.
رووسیا و ھێزەکانی رژێم لە ئایاری ٢٠١٩دا، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکە ئۆپەراسیۆنیان دەستپێکرد و دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر شوێنی نیشتەجێبوونی ناو ناوچەی کەمکردنەی گرژییەکانی ئیدلب.
دوایین جاریش تورکیا و رووسیا لە پێنجی ئاداری ٢٠١٩دا لە مۆسکۆ رێککەوتنێکی نوێیان واژوو کرد.
ئاگربەستەکە کە لەلایەن ھێزەکانی ئەسەدەوە ناو بە ناو پێشێل دەکرێت، بەشێوەیەکی بەرچاو پارێزراوە.
لە ٢٠١٧-٢٠٢٠دا نزیکەی دوو ملیۆن ھاووڵاتی مەدەنی بەھۆی ھێرشەکانی رووسیا و رژێمی ئەسەدەوە ناچار بوون بەرەو ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیا کۆچ بکەن.