Muhammet Kurşun
05 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2021
تاران - AA
ھەشتەمین سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی کە لە ١٨ی حوزەیراندا سێزدەھەمین ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێرانی بردەوە، سوێندی یاسایی خوارد و دەست بەکاربوو.
بەپێی ئاژانسی فەرمیی ھەواڵی ئێران IRNA، ٢٦٥ کەس لە ١١٥ وڵاتەوە ئامادەی رێوڕەسمی سوێندخواردنى رەئيسى بوون کە لە پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو.
لە دوای پێشکەشکردنی گوتارێک لەلایەن سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، غولام حوسێن موحسنی ئیجنی، رەئیسی لە بەردەمیدا سوێندی یاسایی خوارد.
ھەریەک لە سەرکۆماری ئەفغانستان ئەشرەف غەنی، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی جەزائیر، ئەیمەن بن عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی دۆمای رووسی ڤیاشیسلاڤ ڤۆلۆدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئازەربایجان، ساحیبە گاڤارۆڤا، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس ئیسماعیل ھەنییە و سەرۆکی پەرلەمانهكانی پاکستان، تاجیکستان، ئۆزبەکستان و نێجیریا و وەزیرانی دەرەوەی عوممان و کوێت ئامادەی رێورەسمی سوێندخواردنەکە بوون.
هەریەک لە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، مستەفا شەنتۆپ و جێگری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، نومان کورتوڵموش و شاندی یاوەریان نوێنەرایەتی تورکیایان کرد لە رێورەسمەکەدا.