Recep Şakar
05 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2021
مێلبۆرن - AA
سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، سکۆت مۆریسۆن رایگەیاند كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی لەپێشینەیان داوه به هاتنی کۆچبەرانی شارەزا و خوێندکارانی نێودەوڵەتیی، گەشتیاران تەنها له ساڵی داهاتووه‌وه دەتوانن سه‌ردانی وڵاته‌كه‌ی بكه‌ن.
سکۆت مۆریسۆن له لێدوانێكیدا بۆ کەناڵی 7ی ئوسترالیی باسی له‌و لەپێشینانه كرد كه ده‌درێت به‌وانه‌ی لە سنوورە نێودەوڵەتییەکانەوە دهێنه وڵاتەكه‌یه‌وه کە بە مەبەستی به‌رگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە مانگی ئاداری ٢٠٢٠ەوە تا ئێستا داخراون و بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمدا دووبارە بکرێنەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، سکۆت مۆریسۆن ئه‌وه‌ی وهبیرهێنایەوە کە لەگەڵ کردنەوەی سنوورەکاندا لەپێشینە دەدرێت به ئوسترالییهكانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئەو هاووڵاتییانەی کە هه‌ردوو دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنایان وه‌رگرتووه و بۆ ماوەی حه‌وت رۆژ لەناو ماڵی خۆیاندا كه‌ره‌نتینه دەکرێن، گوتیشی: "ئەگەر لە دەرەوەی وڵات هه‌ردوو دۆزە ڤاکسینهكهتان وه‌رگرتووه و لە ئوسترالیا نیشتەجێن و هاووڵاتی ئوسترالیان و ئەندامی خێزانی پلە یەکن، دەتوانن بەپێی ئەم رێنماییانە گه‌شت بكه‌ن".
سکۆت مۆریسۆن باسی له‌وه‌یش كرد كه گه‌شتیاران له دوو ریزبەندی یەکەمی لەپێشینەدا ئه‌ژمار نه‌كراون كه سه‌ردانی ئوسترالیا ده‌كه‌ن، ئه‌وانه لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە دەتوانن قبوڵ بكرێن و گوتی: "لەپێشینەی داهاتوو بۆ ئەو کۆچبەرە شارەزایانەیە کە زۆر گرنگن بۆ وڵات و دوو دۆز ڤاكسینیان وه‌رگرتووه، له‌گه‌ڵ ئەو خوێندکارانەی کە سه‌ردانی ئوسترالیا ده‌كه‌ن بۆ خوێندن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه. له‌و باوەڕهدام ساڵی داهاتوو سەردانیکەرانی نێودەوڵەتیی وه‌ربگرین".
سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه ئەو سنوورانەی به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆناوه لە مانگی ئاداری ٢٠٢٠ەوە تا ئێستا بەڕووی هاووڵاتییانی ئوسترالیا و خاوه‌ن نشینگه‌ی هه‌میشه‌ییدا داخراون، ئەگەر رێژەی ئەو کەسانەی هه‌ردوو دۆز ڤاكسینه‌كه‌یان وه‌رگرتووه بگاته لەسەدا ٨٠ ئەوا لە مانگی تشرینی دووەمدا دەکرێنه‌وه.
یه‌كه‌م حاڵه‌تی تووشبوون به په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له ئوسترالیا له ٢٥ی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٠دا تۆماركرا، سه‌ره‌ڕای گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی توندوتۆڵ، ١١٥ هه‌زار و ٨٥٩ كه‌س تووشی په‌تاكه بوون و هه‌زار ٣٥٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
له‌ئێستادا له ئوسترالیا، ٢٣ هه‌زار و ٣٥٤ تووشبووی په‌تاكه له نه‌خۆشخانه چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، له‌وانه‌ش هه‌زار و ٥٣٥یان له یه‌كه‌ی چاودێری چڕدا چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن.