Zana Natık Kerem
04 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2018
عەممان ــ AA
شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم سەرۆکوەزیران، ھانی مولقی لە پۆستەکەی لادا و لە شوێنی ئەو عومەر رزاز-ی دەستنیشانکرد بۆ ئەوەی حکوومەتێکی نوێ پێکبھێنێت.
لابردنی ھانی مولقی لە پۆستی سەرۆکوەزیران، دوای پێنج رۆژ لەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییانە دێت کە ھاووڵاتییانی ئوردن لە بەرامبەر پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ھەموارکردنی یاسای باجی داھات لە لایەن حکوومەتەوە، دەستیپێکردبوو.
سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی وەزیرانی ئوردن بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە شا عەبدوڵڵای دووەم، رەزامەندی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی ھانی مولقی لە پۆستی سەرۆکوەزیران نیشانداوە و عومەر رزاز-ی راسپاردووە تا حکوومەتێکی نوێ پێکبھێنێت.
لای خۆیەوە دیوانی شاھانەی ئوردن لە بەیاننامەیەکدا، ئەو ھەواڵەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند کە شا عەبدوڵڵای دووەم، دەستلەکارکێشانەوەکەی، ھانی مولقی لە پۆستی سەرۆکوەزیران قبووڵ کردووە.
بەڵام تا ئێستا دیوانی شاھانە، ھیچ فەرمانێکی لە بارەی دەستنیشانکردنی عومەر رزاز بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بڵاونەکردووەتەوە.
عومەر رزاز لە حکوومەتەی ھانی مولقی، وەزیری پەروەردە بوو.
لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا، ھاووڵاتییانی ئوردن لە بەرامبەر پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ھەموارکردنی یاسای باجی داھات و رەوانەکردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران لە لایەن حکوومەتەوە، دەستیان بە خۆپیشاندان کردبوو.