هه‌ولێر-AA
سه‌میر سه‌لیم رایده‌گه‌یه‌نێت "ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێت یه‌كگرتوو 10 كورسییه‌كه‌ی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه، لیسته نوێیه‌كانیش له كورسییه‌كانی یه‌كێتی و گۆڕان ده‌به‌ن".
"قۆناغی داهاتوو قۆناغی قه‌ناعه‌ت پێهێنانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییە به مافه‌كانی كورد"
ئاژانسی ئانادۆڵو: ده‌گوترێت سه‌رباری هه‌موو شت كورده‌كان چاوقایمییان كرد و ریفراندۆمی خۆیان كرد، ئێستا له‌پاش ریفراندۆم به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟
سه‌میر سه‌لیم: كورد ئیراده‌ی به‌هێزە نه‌وه‌ك چاوقایمیی، ئیراده به‌هێزی و یه‌كگرتوویی ئیراده‌ی نیشانی دنیای دا كه چی ده‌وێت، بۆ پرسی به‌ده‌وڵه‌تبوون دوو شت پێویستن، یه‌كه‌میان ئیراده‌ی گه‌ل، دووه‌میان ئیراده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌نگاوی یه‌كه‌میان تا 25ی ئهیلوول ته‌واو بوو، گه‌لی كوردستان پیشانی دنیای دا كه ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان به شێوه مه‌ده‌نی و دیموكراسییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێت، شۆڕشه‌كانی كوردیش له رابردوودا له شێخ سه‌عیدی پیرانه‌وه تا سمكۆخانی شكاك تا ئه‌مڕۆ هه‌موویان ئه‌وه‌یان نیشان داوه گه‌لی كورد سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێت، چاره‌نووسی خۆی به‌ده‌ستی خۆی بێت هه‌نگاوی یه‌كه‌م پێویسته هه‌بێت، وه‌كو چۆن هه‌نگاوی دووه‌میش پێویسته، ئه‌م دووانه پێكه‌وه نووساون یه‌كێكیان بێ ئه‌وی تر ناتوانێت شتێك بكات، سكۆتله‌ندییه‌كان با كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانی‌یان بكات له سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه له به‌ریتانیا، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانیكردن و گه‌له‌كه گوتیان نامانه‌وێت، ئیتر نه‌بوو با كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش پشتیوانی بكات. هەرێمی كوبیك له كه‌نه‌دا چونكه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش گوتی ئاساییه، به‌ڵام گه‌ل وتیان نابێت نه‌بوو. كورد به‌درێژایی شۆڕشه‌كانی ویستوویه‌تی، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رێگه‌ی پێنه‌داوه، با گه‌له‌كه‌ش خۆی ویستبێتی با له ترۆپكیشدا گوزارشتی له‌خۆشی كردبێت، به‌ڵام نه‌بووه. فه‌ڵەستینییه‌كان له قۆناغه‌كانی رابردوو ویستوویانه، به‌ڵام نه‌بووه. كه‌ته‌لۆنییه‌كان كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گوتوویه‌تی نابێت نه‌بووه. بۆیه ئه‌وه‌ی ئێستا گرنگه ئه‌وه‌یه قۆناغی داهاتووی كوردستان بریتییه له قه‌ناعه‌ت پێهێنانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر رازیبوونی به‌وه‌ی كورد به مافه‌كانی خۆی بگات و خه‌ونه‌كانی خۆی به‌دی بهێنێت.
كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش به پێی به‌رژه‌وه‌ندیی كار ئه‌كات، نه‌وه‌ك به‌ر مه‌بنای مافه‌كان، ئێمه پێشتر كێشه‌مان له یاسادا نه‌بووه، وه‌كو ماف، ئیراده‌ی كۆمه‌ڵگه باسی مافه، مافیش یاسا و راستییه‌كانه كه له‌وێدا به‌رجه‌سته ده‌بێت، ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه ئه‌وه‌یه چه‌ند ده‌توانیین قه‌ناعه‌ت به كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بهێنین بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانمان بهێنێته دێ، ئیتر ئه‌وه خوێندنه‌وه‌یه‌كی دوور و درێژی ده‌وێت بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌وێت.
ئاژانسی ئانادۆڵۆ: پێش كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی عێراق گرنگتر نییه؟، ئایا عێراق ئه‌و قه‌ناعه‌ته ده‌كات؟
سه‌میر سه‌لیم: ئینجا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بریتییه له عێراق، بریتییه له وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی له زلهێزه‌كان، هه‌موویان پێكه‌وه، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی له چیدا هه‌یه و لە چیدا نییه‌تی؟ من له سێ خاڵدا كورتی ده‌كه‌مه‌وه، عێراق له‌دوای 1991 و ده‌ركردنی له كوێت و ئه‌و هه‌ڵه مێژووییه عێراق كردی سه‌روه‌ریی په‌رت بووه. له بڕیاری 986 بۆ نموونه كه نه‌وت ده‌فرۆشێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ست به‌سه‌ر پاره‌كه‌یدا ده‌گرێت. له دوای 2003 شه‌وه هه‌ر چووه‌ته ژێر ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ره‌وه ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت پاره‌ی نه‌وت ناچێته سندوق یان بانكێكی عێراقی، بۆیه به تێڕوانینی من ئاسایشی ئیسرائیل، ئاسایشی وزه، ئاسایشی بازاڕ ئه‌و سێ شته‌ن كه پێوه‌رن و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تییان له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنرێت بۆ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ داوا و مهسهلهكاندا. له پاش به‌هاری عه‌ره‌بی و كوده‌تاكه‌ی توركیاوه ئاسایشی ئیسرائیل له مه‌ترسیدایه، چونكه كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی به‌هاری عه‌ره‌بیی كرد، پێشتر ئاسایشی ئیسرائیل له‌سه‌ر رژێمه‌كان به‌ند بوو و به‌رێككه‌وتنه‌كان، ئه‌وسا رێككه‌وتننامه‌ی كامپ دێڤید بوو، هه‌روه‌ها توركیاش له كۆمه‌ڵێك رێككه‌وتنی سه‌ربازی و سیاسی بوو له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. میسر كه پێشتر گه‌ره‌نتیی ئاسایشی ئیسرائیل و وزه بوو ئیتر رژێمه‌كه‌ی ته‌واوبوو، ئه‌وه‌شی هێنراوه كه سیسی-یه ناتوانێت ئاسایشی سینا دابین بكات نه‌وه‌ك ئاسایشی ئیسرائیل، بۆیه ئێستا ناوه‌نده‌كانی بڕیار له ئه‌مریكا به‌دوای ئه‌وه‌وه‌ن ئه‌و هه‌موو خه‌رجییه له میسر ده‌كه‌ن و ئه‌و ئامانجه به‌دی ناهێنێت كه‌واته ئه‌و هه‌موو خه‌رجییه بۆ؟ كه‌واته ده‌بێت به‌دوای ئه‌ڵته‌رناتیڤیدا بگه‌ڕێن، سووریا بۆ نموونه له دوای به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه به‌دیله‌كان خراپن، بۆ نموونه پێشتر حافز ئه‌سه‌د جۆلان و ئیسرائیلی ده‌پاراست، ئێستا رژێمه‌كه توانای نییه دیمه‌شق بپارێزێت، بهدیلهكانیشی خراپترن نوسره‌یه، هه‌سه‌ده‌یه و داعشه هه‌موو ئه‌وانه ئه‌و هێزه نیین پڕۆژه‌ی ئاسایشی ئیسرائیل و ئاسایشی وزه‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵچنیت، گه‌ره‌نتییان نییه، هه‌روه‌ها توركیاش له‌دوای كوده‌تاكه‌وه كه خه‌ڵك هاته سه‌ر جاده ئیتر زانییان رژێم له رژێمی ده‌رچووه و بووه به گه‌ل، ئه‌مانه‌ش گه‌ره‌نتییان نییه، ئیتر كه‌وتنه ئه‌وه‌ی چۆن گه‌ره‌نتی ئه‌و سێ خاڵه بكه‌ن، ئه‌مه چی دروست ده‌كات، ئه‌وه دروست ده‌كات وه‌كو چۆن له تۆپی پێ به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێیت ده‌رفه‌ت دروست بكه‌یت تا گۆڵ بكه‌ی و دیواره‌كانی به‌رامبه‌ر ببڕی، ئه‌مه ئه‌و شوێنه كه تیایدا ده‌توانیین داخڵ بین، كاتێك كه ئاسایشی ئیسرائیلییان پێ دابین نه‌كرا ئیتر هه‌موو شت ده‌كرێت تا گۆڕینی نه‌خشه و سه‌روه‌ریی له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ئێستاش باسی سه‌روه‌ریی یه‌كسان ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت، خاڵی دووه‌م ئه‌مریكا پڕۆژه‌یه‌كی هه‌یه كه رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته و ئیشی له‌سه‌ر ده‌كات له رووی سیاسی و سه‌ربازی و كولتوورییه‌وه، ئیدی بۆ ئه‌وه نه‌خشه‌ش ده‌گۆڕێت.
ئاسایشی وزه گرنگه، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ فه‌لسه‌فه‌ی ده‌وڵه‌ت، كاتی خۆی ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخ دروست بوو بۆ گه‌شه بۆ پاراستنی رێڕه‌و و سه‌رچاوه بازرگانییه‌كان بوو، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه، ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخ لە ده‌رئه‌نجامی گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌داری دروست بووه، ئێستا ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی ئه‌و ئامانجه‌ی بۆی دروستكراوه ئه‌نجام نه‌دات ئه‌یگۆڕن، ئه‌مه شتێكی موقه‌ده‌س نییه، بۆیه له‌دوای ئه‌و هه‌موو شتانه و مه‌ترسییه‌كانی دوای به‌هاری عه‌ره‌بی كه هێشتا ته‌واونه‌بووه، راسته سیسی توانی ئاراسته‌كه‌ی بگۆڕێت، به‌ڵام هێشتا كارلێكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی و ئیسلامی به‌رده‌وامن، به‌هێزتر له‌جاران به‌رده‌وامن، به‌ڵام توانای ده‌ركه‌وتنییان نیین كه خۆیان له خۆپیشاندان و گۆڕینی رژێمدا ده‌بیننه‌وه، بۆیه ئێستا بڕیار به‌ده‌ستانی دنیا سه‌یری ئه‌مه ده‌كه‌ن ئۆقره ناگرن، ئینجا ئاسایشی وزه گه‌ره‌نتیی نییه، كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازیی رۆژئاوا له‌سه‌ر وزه به‌نده، وزه‌ی لێ ببڕه ماشێنه‌كه‌ی په‌كی ئه‌كه‌وێت، ئه‌ڵته‌رناتیڤی وزه نه‌یتوانی ئه‌ڵته‌رناتیڤی وابێت ئه‌و كۆمه‌ڵگه پیشه‌سازییه به‌رده‌وامیی هه‌بێت.
هه‌روه‌ها ساغكردنه‌وه‌ی كاڵا و بازاڕ، به یه‌ك گرێبه‌ست بایی 16 ملیار دۆلار فڕۆكه به قه‌ته‌ر ده‌ده‌ن له‌كاتێكدا ئه‌و فڕۆكانه هه‌ر باوییان نه‌ماوه ئێكسپایه‌ر بوون، ئه‌مانه سێ پێوه‌رن له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌گه‌ری زۆره گۆڕانكاریی ریشه‌یی له ناوچه‌كه رووبدات، كورد ده‌توانێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان بپارێزێت و ئه‌وه خاڵێكه كورد ده‌توانێت قه‌ناعه‌ت به كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بهێنێت ئه‌مه چه‌ند ساڵ ده‌خایه‌نێت ئه‌وا دیار نییه.
"له فیدڕاڵییهتێكی ناقیسهوه بچینه كۆنفیدڕاڵییهت باشه، هیچ نه‌بێت ده‌ستكه‌وته"
ئاژانسی ئانادۆڵو: هه‌رێمی كوردستان به كۆنفیدڕاڵی رازی ده‌بێت یان هه‌ر ئامانجی ده‌وڵه‌ته؟
سه‌میر سه‌لیم: من نازانم و به‌شێك نییم له بڕیاری سه‌ركردایه‌تی، به‌ڵام به بۆچوونی من ئه‌گه‌ر كورد له‌م قۆناغه‌دا به كۆنفیدڕاڵی رازی ببێت زه‌ره‌ر ناكات، كۆنفیدڕاڵی شێوازێكی سه‌ربه‌خۆییه، به‌ڵام كام شێوازی كۆنفیدڕاڵی پێی رازی بین، ئێستا له به‌ریتانیا هه‌یه، به‌ڵام كۆنفیدڕاڵییهكه ده‌وڵه‌تێكی سیادی هه‌یه و ته‌حه‌كوم ده‌كات، به‌ڵام كۆنفیدڕاڵییهتێك وه‌كو یه‌كێتی ئه‌ورووپا له سه‌ره‌وه حكوومه‌تێك نییه، لێژنه‌یه‌كی هه‌ماهه‌نگی هه‌یه ناویان ناوه په‌رله‌مانی ئه‌ورووپی كه هه‌موو شته‌كان ده‌كێشێت، به‌ڵام هه‌موویان ئابووری سه‌ربه‌خۆ و دراو و په‌یوه‌ندیی خۆیان هه‌یه، سیسته‌می به‌رگریی خۆیان هه‌یه، ته‌نانه‌ت دراوی هاوبه‌شیشیان هه‌یه و دراوی خۆشیان هه‌یه.
كۆنفیدڕاڵی شێوازێكی سه‌ربه‌خۆییه، ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌بن سیسته‌می سه‌ربه‌خۆی ئابووری، سه‌ربازی، داراییان هه‌یه، به‌ڵام به هه‌ماهه‌نگی.
من پێم وایه له‌م قۆناغه‌دا هیچ نه‌بێت له فیدڕاڵییهتێكی ناقیسهوه بچینه كۆنفیدڕاڵییهت باشه، هیچ نه‌بێت ده‌ستكه‌وته.
ئاژانسی ئانادۆڵو: به‌ڵام خه‌ڵك بۆ ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی له ریفراندۆمدا ده‌نگییان دا؟
سه‌میر سه‌لیم: مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌ت به سه‌عات و دوو سه‌عات و رۆژێك و دوو رۆژێك دروست ناكرێت، رێڕه‌وی ده‌وڵه‌ت و كاروانی ده‌وڵه‌ت به‌ڕێ ئه‌كه‌وێت و كاروانێكه به قۆناغی جیاواز ده‌چێت و گرنگه به‌ره‌و زیاتر و هه‌ڵكشان بچێت نه‌ك به‌ره‌و داكشان، من پێم وایه بۆچوونی دووه‌میش هه‌یه كه بهقوهتیشه، نابێت كۆنفیدڕاڵی بۆ ده‌ستبه‌رداربوون بێت له سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت، هه‌رچه‌نده كۆنفیدڕاڵییهت شێوازێكه له شێوازه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی، كورد بڕیاری بۆ سه‌ربه‌خۆیی داوه و پێشم وا نییه هیچ هێزێك ته‌نه‌زول له سه‌ربه‌خۆیی بكات.
ئاژانسی ئانادۆڵو: كه‌واته ئه‌گه‌ر عێراق پێشنیازی كۆنفیدڕاڵی بكات كوردستان قبووڵی ده‌كات؟
سه‌میر سه‌لیم: مه‌رج نییه، ئه‌وه مامه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مه، یه‌كه‌م ته‌قه ئه‌گه‌ر كۆنفیدڕاڵی بێت دوور نییه له سه‌ربه‌خۆییه‌وه.
ئاژانسی ئانادۆڵو: عێراق به كۆنفیدڕاڵی رازی ده‌بێت؟
سه‌میر سه‌لیم: دۆخی عێراق وایه له شوێنێكدایه قورس و ئاسان نییه قبووڵی بكات، له‌به‌ر سیاقی هه‌ڵبژاردن، ئاسانیش ره‌تی بكاته‌وه، چونكه له‌ولاوه داعش هه‌یه، كێشه‌ی سوننه و شیعه هه‌یه، كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌یه، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی زۆری هه‌یه، مه‌ترسیی حكوومه‌تی عێراق له ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌وه‌دایه سوننه‌ش داواش ده‌كات و دواتریش به‌سره و ئه‌وانی تریش داوا ده‌كه‌ن، بۆیه ئه‌گه‌ر عێراق رازی نابێت به‌دیله‌كه‌ی چییه؟.
"یه‌كڕیزی نێو ماڵی خۆمان بۆ له‌مه‌ودوا له پێش ریفراندۆم پێویستتره"
ئاژانسی ئانادۆڵو: ریفراندۆم كۆمه‌ڵێك شوێنه‌واری باش و خراپی به‌جێ هێشت، شوێنه‌واری باش و خراپ له‌سه‌ر كوردستان و عێراق چیین؟
سه‌میر سه‌لیم: به بۆچوونی من شوێنه‌واری ئه‌وتۆی خراپی به‌جێ نه‌هێشتووه، ئێمه ته‌نها له ناوخۆدا یه‌كڕیزی نیشتمانیمان وه‌كو پێویست نه‌بوو، ئاماده‌كاریی یاسایی و سیاسی وه‌كو پێویست نه‌بوو به كه‌موكوڕییه‌وه كرا، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه چاره‌سه‌ر نه‌كرێن بۆشایین و ده‌بنه جێ ده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌كان بگیردرێن، له‌و بۆشایی و كه‌لێنانه دێنه ناوه‌وه، چونكه یه‌كڕیزی نیشتمانی بۆ له‌مه‌ولا زیاتر پێویستمانه له پێشتر، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵین نه‌یاره‌كان له‌وێوه نه‌یه‌نه ناوه‌وه‌وه، ریفراندۆم هه‌موو ده‌رگاكانی خسته سه‌ر پشت بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ر و سیناریۆكانی تایبه‌ت به چاره‌نووسی عێراق، ئه‌و ئه‌گه‌رانه بۆ ئێمه باشن و بۆ ئه‌وان خراپ، بۆ نموونە ئه‌گه‌ری دابه‌شبوونی عێراق و لێكترازانی عێراق، ئه‌گه‌ر عێراق ببێته كۆنفیدڕاڵی هه‌ر زه‌ره‌ری عێراقه، ئه‌مه بۆ ئه‌وان به زه‌ره‌ر ده‌یبینن، به‌ڵام به بۆچوونی ئێمه چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی دیموكراسییه‌ت و مافی یه‌كسانی بوونه.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ده‌گوترێت ریفراندۆم زیاتر نێو ماڵی كوردستانی په‌رت كرد، ریفراندۆم بووه هۆی ئه‌وه‌ی به‌غدا سزای هه‌رێم بدات، بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی توركیا و ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی سنووره‌كان بكه‌ن، باسی ئه‌مانه‌ت نه‌كرد؟
سه‌میر سه‌لیم: له مه‌سه‌له‌ی داخستنی سنووره‌كان و رێوشوێنی ئابووری با قه‌ته‌ر به نموونه بهێنینه‌وه، ئێستا ئابڵوقه‌ی سه‌ر قه‌ته‌ر پێچه‌وانه‌وه بووه‌ته‌وه، رۆژانه وڵاتانی به‌رامبه‌ر، جه‌نگی خه‌رجكردن ده‌كه‌ن و هیچیان ده‌ستناكه‌وێت، نه ئێران و نه به‌غدا ناتوانن سنووره‌كان دابخه‌ن و نه توركیاش سه‌رچاوه‌كانی داهات له خۆیان داناخه‌ن، ئێران مانگانه 600 ملیۆن دۆلار شمه‌ك هه‌نارده ده‌كات، هه‌روه‌ها خاڵی دووه‌م حكوومه‌تی كوردی له 1992ه‌وه تا ئێستا ئاسایشی ئێرانی دابینكردووه كه به 100 هه‌زار ئه‌ندامی سوپای پاسداران ناكرێت، بۆ توركیاش هه‌مان شته، توركیا لێره نه‌وت ده‌بات، هه‌روه‌ها رووسیاش به‌وه رازی نابێت، چونكه لێره چوار ملیار دۆلار سه‌رمایه‌گوزاریی له نه‌وت و غاز ده‌كات، به‌های لیرەی توركیا ئێستا دابه‌زیوه، توركیا كێشه‌ی یه‌كێتی ئه‌ورووپا، گوله‌نییه‌كان، سووریا، په‌كه‌كه و ناوخۆ جگه له ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ. خاڵی به‌هێزی ئاك پارتی ئابوورییه، ئایا ئه‌توانێت ئه‌و هه‌موو شه‌ڕانه له ئێستادا بكات؟ ئێمه بووین به بازاڕی ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكانی ئه‌وان، بۆیه ئه‌وان زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن له رووی ئابوورییه‌وه، تا ئێستاش هه‌ردوو وڵات به جددی بیریان له داخستنی سنووره‌كان نه‌كردووه‌ته‌وه.
ئه‌و سزایانه‌ی به‌غداش شتێكی ئه‌وتۆ نیین، ئاسمانه ئه‌ویش خه‌ریكی چاره‌سه‌ركردنین، ئێران و توركیاش سنوور داناخه‌ن، چونكه ئابووریی و داهاتییان كاریگه‌ر ده‌بێت و كاریگه‌ریی زیاتری له‌سه‌ر خۆیان هه‌یه.
ئاژانسی ئانادۆڵو: پێشبینی پێكدادانی سه‌ربازی له كه‌ركووك ده‌كه‌یت؟
سه‌میر سه‌لیم: له كورددا بازنه‌ی لاواز ئه‌گه‌ر هه‌بێت له ناوچه‌ی كه‌ركووك و خانه‌قینه به هۆی حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌وێ ناوچه‌ی جێ ناكۆكن، به‌ڵام باوه‌ڕناكه‌م ئێران و توركیا سنوور بشكێنن و بارودۆخی نێوده‌وڵه‌تی رێگه به‌وه نادات، حه‌شدی شه‌عبیش ناتوانێت پاساو بدات به ده‌سته‌وه به شتێكی ئه‌منی، ئه‌مریكاش رێگه به‌وه نادات، ئیتر ئه‌وه‌ی هه‌یه ئیراده‌ی كورد ده‌یانه‌وێت ملكه‌چی هه‌ڕه‌شه‌كان بێت، كه‌ركووك ئه‌گه‌ر له رووی سه‌ربازیشه‌وه بگیرێت كه‌ركووك نادۆڕێنین، بۆیه ئاسان نییه، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه تهدویل كراوه و كوردستان چووه‌ته نێو ره‌هه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه و ئه‌و شتانه ئاسان نییه.
ئاژانسی ئانادۆڵو: باس له كۆنفیدڕاڵییهت كرا، كورد به بێ كه‌ركووك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان ئاماده‌یه كۆنفیدڕاڵییهت دروست بكات؟
سه‌میر سه‌لیم: پێم وانییه، مادام ریفراندۆم كرا و ناوچه كوردستانییه‌كان قسه‌ی خۆیان كرد، سه‌ركردایه‌تی كورد ناتوانێت ده‌ستبه‌ردارییان بێت، چونكه گه‌ل بڕیاری دا.
"یه‌كگرتوو 10 كورسییه‌كه‌ی به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه، گۆڕان و یه‌كێتی كه‌م ده‌كه‌ن"
ئاژانسی ئانادۆڵو: پێشبینی ده‌كه‌یت له یەکی مانگی 11ی ئه‌مساڵ وه‌كو دیاریكراوه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكرێت؟
سه‌میر سه‌لیم: وه‌كو ئاماده‌كارییه‌كان پێمان ده‌ڵێن له‌توانادا نییه، به‌ڵام هه‌موو شتێكیش تا كۆتا كاتژمێر ئه‌گه‌ری هه‌یه، هۆكاریش ئه‌وه‌یه تۆماری ده‌نگده‌ران هێشتا پاك نه‌كراوه‌ته‌وه، ئاماده‌كاری نه‌كراوه، ریفراندۆم لێكه‌وته‌كانی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی، وه‌فاتی مام جه‌لال كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌ورووبه‌ر هه‌یه، بۆیه له رووی لۆجیستی و سیاسییه‌وه ئاماده‌كاریی نه‌كراوه.
ئاژانسی ئانادۆڵو: به روونی پێمان بڵێ، پارتی دیموكراتی كوردستان كه هێزی سه‌ره‌كییه له هه‌رێم به ئێوه‌ی گوتووه هه‌ڵبژاردن له ئه‌مساڵدا ناكرێت؟
سه‌میر سه‌لیم: نه‌خێر، هیچ قسه‌یه‌كی وا نه‌گوتراوه، ئاگاشمان له‌وه نییه، وه‌كو یه‌كگرتوو له قازانجیشمان نییه هه‌ڵبژاردن دوابخرێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: له مانگی 11ه‌وه په‌رله‌مان واده‌ی نامێنێت و دیسانه‌وه ده‌كه‌وینه بۆشایی یاسایی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه، ئه‌مه چۆن؟
سه‌میر سه‌لیم: ئیتر ئه‌و كاته په‌رله‌مان ده‌توانێت قسه‌ی خۆی بكات، ئێمه تا ئێستا هیچ قسه‌یه‌كمان له‌باره‌ی درێژكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ نه‌كراوه، تا ئێستاش ئه‌گه‌ری هه‌یه هه‌ڵبژاردن بكرێت، ئه‌وه دیار نییه، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان باس له سیسته‌م و یاسا و شتی تره، ده‌كرێت هه‌ڵبژاردن بكرێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره پێشبینیتان بۆ ده‌نگی لایه‌نه‌كان له‌نێویشیاندا یه‌كگرتوو له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو چییه؟
سه‌میر سه‌لیم: ده‌بێت بزانیین ئه‌و چوار لیسته نوێیه له كوێیوه هاتوون، قورساییان له كوێدایه، زۆرینه‌یان له زۆنی سه‌وزدایه، شوێنی كاریگه‌رییان ئه‌وێیه، واته سه‌رتاسه‌ریی نین، هه‌ندێكیان له بادیناندا هه‌ر نیین، هه‌رچه‌نده له رابردووش‌دا هه‌ر نه‌بوون، بۆیه قورساییان ده‌كه‌وێته پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌ڕین، ئه‌و ناوچه‌یه‌ش 40 كورسیی له په‌رله‌مانی كوردستادا هه‌یه، 60 كورسییه‌كه‌ی دیكه‌ش هی هه‌ولێر و دهۆكه، 11ش كۆتایه، بۆیه كورسییه‌كان دیاریكراون، ئه‌و 40 كورسییه‌ی له سلێمانی و ئه‌و ده‌ڤه‌ره هه‌یه هه‌ندێكی جێگیره، هه‌ندێكی ده‌مێنێته‌وه گۆڕاوه، بۆ نموونه چوار كورسیی هی ئێمه‌یه، سێی هی كۆمه‌ڵه، یه‌كێكی بزووتنه‌وه‌یه، پارتیش سێ كورسییه، جۆرێك له جێگیری له‌مانه‌دا هه‌یه، ئێمه وه‌كو یه‌كگرتوو حزبێكی عه‌قائیدی ئایدۆلۆجیین و شتی ترمان هه‌یه خزمه‌ت ده‌كات، ئه‌وانی دیكه ركابه‌ری له‌سه‌ر 28 تا 30 كورسی ده‌كه‌ن و ژماره قورسه‌كان ده‌شكێنن.
بۆیه ئه‌گه‌ر شیكردنه‌وه‌ی ژماره‌یی بكه‌ین ژماره‌ی كورسییه گه‌وره‌كان ده‌شكێن، له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ئێمه نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان گۆڕان و یه‌كێتی زۆرینه‌ن، بۆیه له كورسییه‌كانی ئه‌وان ده‌بن، له‌وێ رقی ئه‌و جه‌ماوه‌ری له دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی خزمه‌تی نه‌كردووه كار ده‌كات به بایكۆت و شتی تر.
ئێمه پێشبینی ده‌كه‌ین وه‌كو یه‌كگرتووی ئیسلامی ئه‌و 10 كورسییه‌ی ئێستا له په‌رله‌مانی كوردستان هه‌مانه بمێنێته‌وه.
"له مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌دا هه‌ر كه‌سێك بێت و هاوههنگاوبێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بگه‌یه‌نێته شوێنی خۆی ئێمه له‌گه‌ڵی ده‌ڕۆین"
ئاژانسی ئانادۆڵو: له مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا كێشه هه‌یه ئه‌مه چی لێ دێت؟
سه‌میر سه‌لیم: ئاساییه با سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌ر نه‌بێت، چی كێشه‌ی هه‌یه، ده‌سته‌یه‌كی باڵای سه‌ربه‌خۆیی دروست بووه كه پێشتر ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم بوو، ئه‌وه‌ی ئێستاش كه ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تییه ده‌یگۆڕن، به بڕیار و دیراسه‌ت نه‌بوو و ئه‌گه‌ری زۆری هه‌یه بگۆڕدرێت، ئێمه تێبینیمان له‌سه‌ر هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر داش عێراقه‌كه، ره‌نگه بكرێته ئه‌نجوومه‌نێكی دیكه و ناوێكی دیكه‌ی هه‌بێت، چونكه ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی جۆرێك له توانه‌وه‌ی تێدایه و یه‌ك حزبی پێوه دیاره.
ئاژانسی ئانادۆڵو: گله‌یی له یه‌كگرتوو ده‌كرێت به‌وه‌ی زۆر له‌گه‌ڵ پارتیدا ده‌ڕوات چۆن وه‌ڵامی ئه‌و ره‌خنانه ده‌ده‌نه‌وه؟
سه‌میر سه‌لیم: ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و پێشچوونی پرسی سیاسی كوردستاندا ده‌ڕۆین به‌ڕیوه، كێ له‌و پرسه له‌گه‌ڵماندا یه‌كبگرێته‌وه له‌گه‌ڵیان یه‌كده‌گرینه‌وه، ئێمه له كۆنگره‌ی ساڵی 2012 مافی چاره‌ی خۆنووسینمان جێگیر كردووه. له كۆنگره‌ی هه‌شته‌می ساڵی 2016ش جارێكی تر دووپات‌مان كرده‌وه، ئێمه ئه‌و كات له‌گه‌ڵ پارتیدا باره‌گامان سووتابوو، ناكۆكییمان هه‌بوو، بۆیه مه‌سه‌له‌كه پارتی نییه، پێشتر له ئۆپۆزسیۆندا له ساڵانی 2010 تا 2013 له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چه‌سپاندنی دیموكراسیدا له‌گه‌ڵ گۆڕان و كۆمه‌ڵ یه‌ك ساحه‌ی هاوبه‌شمان هه‌بوو، ئێستا مه‌سه‌له‌یه‌كی تر هه‌یه كه پێی ده‌گوترێت مه‌سه‌له‌ی نەتەوەیی، ئه‌مه خاڵێكه ده‌بێت روون بین، ئه‌مه مه‌عنای ئه‌وه نییه موسایه‌ره‌ی سیاسیی خه‌ڵك ده‌كه‌ین.
خاڵێكی تر هه‌یه ده‌بێت روون بیین بۆچی كێ له‌و حزبانه له فه‌زای ئه‌و سیاسه‌ته ناچن به‌ڕێوه كه یه‌كێتی و پارتی له كوردستاندا دروستی ده‌كه‌ن و لێی ده‌چنه ده‌ره‌وه؟
فه‌زای سیاسیی هه‌رێمی كوردستان حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان دروستی ده‌كه‌ن، تۆ له‌و بواره ده‌سوڕێته‌وه كه ئه‌وان دروستی ده‌كه‌ن، بۆیه ئه‌وان چونكه ده‌سه‌ڵاتدارن هه‌رچییه‌كیان بوێت ده‌یكه‌ن. له مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم با ته‌ماشا بكه‌ین هیچ حزبێك توانی بڵێت نه‌خێر؟ جگه له‌و به‌ره‌یه‌ی نه‌خێره، بڕیاری فه‌رمییان چی بوو؟ ئه‌وه ئه‌و فه‌زا سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌یه كه پارتی و یه‌كێتی دروستیان كرد و كه‌س ناتوانێت له‌گه‌ڵی نه‌بێت، چونكه له رووی مێژوویه‌وه ناتوانێت گله‌یی بهێنێته سه‌ر خۆی، خۆ ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی ئه‌مه‌یان نه‌كردبا به خه‌ڵكی تر ده‌كرا؟ من حه‌زم ئه‌كرد من بمكردبا، ناكرێت، ئه‌مه سیاسه‌تی واقیعه، بۆیه كه‌س تۆمه‌تبار ناكه‌ین، به‌ڵام مادام هه‌موو حزبه‌كان له‌نێو ئه‌زموونی حوكمڕانیی كوردستان ده‌ژیین، ئه‌زموونی حوكمڕانیی كوردستانیش كێ ئیداره‌ی ده‌كات ئه‌وانه فه‌زاكانی جوڵه‌ی دیاری ده‌كه‌ن، كه‌واته له‌و فه‌زایه جوڵه ده‌كه‌ین، مه‌سه‌له‌كه موسایه‌ره‌ی پارتی نییه، ئێمه له مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌دا هه‌ر كه‌سێك بێت و هاوههنگاوبێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی بگه‌یه‌نێته شوێنی خۆی ئێمه له‌گه‌ڵی ده‌ڕۆین.
news_share_descriptionsubscription_contact

