Sayed Khodaberdi Sadat
03 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2019
كابول - AA
ژماره‌ی قوربانییانی هێرشه‌كه‌ی ئێواره‌ی دوێنێی شاری كابول پایته‌ختی ئه‌فغانستان كه له رێگه‌ی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژكراوه‌وه ئه‌نجامدرا، گەیشتە ١٦ كوژراو و ١١٩ بریندار.
وه‌زیری ناوخۆی ئه‌فغانستان، نه‌سره‌ت ره‌حیمی له لێدوانێکیدا رایگەیاند كه ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له نزیك ناوچه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون ته‌قیوه‌ته‌وه و به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر خانوو زیانیان به‌ركه‌وتووه.
نەسرەت ره‌حیمی باسی له‌وه كرد كه ته‌قینه‌وه‌كه كاتژمێر ٢١:٤٥ به‌كاتی ناوخۆ روویداوه و ئامانج لێی ناوچه‌ی نیشته‌جێبوونی گرین ڤیلج بووه كه ژمارەیەک له رێكخراوه‌كان و میوانانی نێوده‌وڵه‌تی لێیه، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و هێرشه‌دا کوژراون به‌رز بووه‌ته‌وه بۆ ١٦ كه‌س و بریندارانیش بۆ ١١٩ كه‌س.
وه‌زیری ناوخۆی ئه‌فغانستان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه زۆربه‌ی قوربانییانی هێرشه‌كه، كه‌سانی مه‌ده‌نیی بوون.
نەسرەت ره‌حیمی باسی له‌وه‌یش كرد كه پێنج تیرۆریستیان له چالاكی خستووه كه له ئاماده‌كاریدابوون بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌ی تیرۆریستیی له ناوچه‌كه‌دا و ٤٠٠ كه‌سی بیانیان رزگاركردووه كه له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌ژین.
لای خۆیه‌وه تاڵیبان به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ و ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه ئامانج لێی هێزه بیانییه‌كان بووه.
نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئه‌فغانستان، زاڵمای خه‌لیلزاد بەرلە ته‌قینه‌وه‌كه باسی له‌وه كردبوو كه له دوایین گفتوگۆكانی ئاشتییدا له‌گه‌ڵ تاڵیباندا له رووی پره‌نسیپه‌وه گه‌یشتوون به رێككه‌وتن.
زاڵمای خه‌لیلزاد له لێدوانێكیدا بۆ ته‌له‌ڤیزیۆنێكی تایبه‌ت كه له ئه‌فغانستان په‌خش ده‌كات، باسی له‌وه كرد كه له‌گه‌ڵ تاڵیبان گه‌یشتوون به رێككه‌وتن و ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه پێشكه‌ش به سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ ده‌كه‌ن به مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی.
له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كه ئه‌مریكا له میانی ١٣٥ رۆژدا له كۆی ١٤ هه‌زار سه‌رباز كه له پێنج بنكهدان له ئه‌فغانستان پێنج هه‌زار سه‌ربازی ده‌كشێنێته‌وه.
- پرۆسه‌ی ئاشتیی ئه‌فغانستان
رێكخراوی تاڵیبان كه مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه بۆسه‌ر حكوومه‌ته‌كه‌ی سه‌ركۆماری ئه‌فغانستان، ئه‌شره‌ف غانی هێشتا له زۆر ناوچه‌ی ئه‌و وڵاته‌دا باڵا ده‌سته.
حكوومه‌ت له ساڵانی رابردوودا ده‌یانجار هه‌وڵیدا بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكانی ئاشتیی له‌گه‌ڵ تاڵیباندا و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌ره‌ڕای دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی ئاشتیی هێشتا نه‌توانراوه بگه‌ن به ئه‌نجامێك.
دوایین كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و تاڵیبان له چوارچێوه‌ی ''به‌ڵێنی كشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی سه‌ربازانی ئه‌مریكا له‌و وڵاته له‌به‌رامبه‌ر گه‌ره‌نتیدان به‌وه‌ی خاكی ئه‌فغانستان به‌تایبه‌تی ئه‌و به‌شه‌ی له‌ژێر كۆنترۆڵی تاڵیباندایه نه‌بێته ناوچه‌یه‌كی ئارام بۆ رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان'' به‌ڕێوه‌ده‌چن.