Wassim Samih Seifeddine
19 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2024
بەیروت ــ AA
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنی لە لوبنان، ھەڵگرتنی ئامێرەکانی "پەیجەر" و "ئایکوم" کە تایبەتن بە پوەیوندیکردن لە فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت، قەدەغەکرد.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنی لە لوبنان لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای لەو کۆمپانیا فڕۆکەوانیانەی کە لە فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت کار دەکەن کردووە، لەوەی سەرجەم گەشتیاران ئاگادار بکەنەوە تاکو کاتێکی نادیار نابێت ئامێرەکانی "پەیجەر" و "ئایکوم" لەناو فڕۆکەخانە و فڕۆکەکاندا ھەڵبگرن.
ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر گەشتیاران پابەند نەبن بەو بڕیارە و ئامێرەکانی "پەیجەر" و "ئایکوم لە فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری ھەڵبگرن، ئەو ئامێرانە لەلایەن ھێزە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانەوە لە فڕۆکەخانە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، وردەکاری زیاتر لەوبارەیەوە نەخراوەتەڕوو.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ڕۆژانی سێشەممە و چواشەممە، زنجیرەیەک تەقینەوە لەسەر ئامێرەکانی "پەیجەر" و "ئایکۆم" لە ژمارەیەک ناوچەی باشووری لوبنان ڕوویاندا و لە ئاکامدا، ٣٢ کەس کوژراون و سێ ھەزار و ٢٥٠ی دیکەش برینداربوون.