Mazın Asad
16 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2018
میونشن - AA
سکرتێری گشتی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ رایگەیاند: "بە ئەرێنی پێشوازی لە کۆبوونەوەی ئاست باڵای نێوان ئەمریکا و تورکیا دەکەم".
ستۆلتنبەرگ لە ٥٤ھەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاسایشی میونشن گوتارێکی پێشکەش کرد.
سکرتێری گشتی ناتۆ خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن بۆ تورکیا نیشاندا و رایگەیاند کە ماوەیەکی زۆرە ئەمریکا و تورکیا بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی داعش، پێکەوە جموجۆڵ دەکەن.
یانس ستولتنبێرگ ئاماژەی بەوەش دا کە تورکیا بە کردنەوەی فڕۆکەخانە، بنکە سەربازییەکان و ژێرخانەکانی رۆڵیکی گرنگی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش گێرا و گوتیشی: "بە ئەرێنی پێشوازی لەو کۆبوونەوەی نێوان ئەمریکا و تورکیا دەکەم کە دوێنێ پێنجشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی وەزیرانی بەرگری ناتۆ لەسەر ئاستی باڵا سازکرابوو".
سکرتێری گشتی ناتۆ روونیشی کردەوە کە ناتۆ مەشق و راھێنان بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکات و گوتیشی: "عێراق دراوسێی تورکیای ھاوپەیمانی ناتۆیە. لێرەدا ناتۆ ھەست بە بەرپرسیارییەتی لەبارەی دابینکردنی سەقامگیری ناوچەکە دەکات".
لەبارەی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیکی لە لایەن کۆریای باکوورەوە، ستولتنبێرگ رایگەیاند: "گشت وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ نیگەرانن لە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیکی لە لایەن کۆریای باکوورەوە، بۆیە پێویستە گوشارەکانی سەر ئەو وڵاتە زیاد بکرێت".
کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ئاسایشی میونشن کە ئەمڕۆ هەینی لە ئەڵمانیا دەستی پێکرد لە ١٨ی شوبات کۆتایی پێدێت.