Muhammet Ali Kemal
03 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2016
یەکێک لە بەرپرسانی بەرگریی شارستانی لە شاری حەلەب بەناوی ئیبراهیم ئەبو لەیس، لەلێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیادا بۆ سەر گەڕەکی ئەنساڕی لە ناوەندی شاری حەلەب، هەشت کەس کوژراون و ٢٥ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەبو لەیس ئاشکرایکردووە لە ئەنجامی هێرشەکەدا بینایەک بەتەواوەتی رووخاوە و ژمارەیەک کەس لەژێر داروپەردووی بیناکەدان، تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە شارەکە لەرێگەی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانەوە لە هەوڵی لابردنی داروپەردووەکان و گەیشتن بەو کەسانەدان.
ئیبراهیم ئەبو لەیس باسی لەوەکرد هەر لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆ سەر شارۆچکەی ئەتاریب لە خۆرئاوای حەلەب سێ کەس کوژراون و ١٤ی دیکە برینداربوون، ژمارەیەک لە کوژراو و بریندارەکان ژن و مناڵن. هەروەها ئاشکرایکرد لە نزیکی شارۆچکەکە لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر دوو ئۆتۆمبێل کە هاوکاریی مرۆییان پێبووە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەو بەرپرسەی بەرگریی شارستانی لەحەلەب جەختی لەوەکردەوە هێزەکانی رژێم و فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای سووریا لەرێگەی ''بۆمبی بەرمیلی، بۆمبی گەرمی و هێشووییەوە'' هێرشیان کردووەتە سەر هەریەک لە گەڕەکەکانی سوکەری، مەعادی، بوستان ئەلقەسر و کادی عەسکەر کە بەدەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوەن.
ئیبراهیم ئەبو لەیس راشیگەیاند: ''بەتایبەت ئەو ناوچانە بۆردومان دەکەن کە هاووڵاتییانی سڤیلی لێ نیشتەجێن''.