18 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2020
تەرابلوس - AA
لەو خۆپیشاندانانەی کە لە شارەکانی تەرابلوس-ی پایتەخت و مسراتە رۆژھەڵاتی لیبیا ئەنجامدران، ئیدانەی ھێرشی ھێزەکانی سەربە لیوا خەلیفە حەفتەر بۆ سەر شاری تەرابلوس و دەرووبەری کران.
ژووری ئۆپەراسیۆنی "گڕكانی توڕەیی" سەربە هێزەكانی حكوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە کە لە گۆڕەپانی شوهەدا لە شاری تەرابلوس خۆپیشاندان ئەنجامدراوە و ئیدانەی ھێرشی ھێزەکانی سەربە لیوا خەلیفە حەفتەر بۆسەر شارەکە کرا.
ئاماژە بەوەشکراوە لەمیانی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران دروشمی " رەتکردنەوەی گفتوگو لەگەڵکودەتاچی و داواکراوان"یان بەرزکردەوە.
لەوبارەوە خۆپیشاندەرێک بە ناوی سەلیم میلادی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی:"خەلیفە حەفتەر فەرماندەی میلیشا چەکدارەکانە و نایەوێت ئاشتی لە لیبیا بەدی بێت".
سەلیم میلادی ئەوەشی گوت:"هێزەکانی خەلیفە حەفتەر بەردەوام دەبن لە هێڕشەکانیان بۆسەر تەرابلوس، گەلی لیبیا هیچ کاتێک ئەو پاڵپشتییانە لە بیر ناکات کە ئیمارات، فەڕەنسا و میسر پێشکەشی میلیشیاکانی خەلیفە حەفتەریان کردووە".
ئەو باسی لەوەش کرد کە بانگەوازکەی تورکیا و رووسیا بۆ رێککەوتنی ئاگربەست، سەرەتا بووە هیوا لای لیبییەکان بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆن و شەڕ و پێکدادانەکان، بەڵام دواتر گەلی لیبیا بێ هیوابوو بە هۆی ئەوەی خەلیفە حەفتەر پابەند نەبوو بە ئاگربەستەکەوە.
خۆپیشاندەرێکی دیکە کە ئەندازیاری پەیوەندییەکانە بە ناوی ئیدریس مەهەدی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ماوەیەکی زۆرە بێ دەنگە لە هەمبەر هێرشی هێزەکانی خەلیفە حەفتەر بۆسەر شاری تەرابلوس و ناوچەکانی دەورووبەری.
ئیدریس مەهەدی روونیکردەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کاتێکدا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لەمیانی چەند رۆژی داهاتوودا کۆنگرەیەک لەبارەی لیبیاوە لە بەرلین ببەستێت کەچی بێ دەنگە لەو هێرشەی کە ماوەی ١٠ مانگە لە لایەن هێزەکانی خەلیفە حەفتەرەوە دەکرێتە سەر تەرابلوس و ناوچەکانی دەورووبەری.
ئەو گوتیشی:"کاتێک لیبیا و تورکیا رێککەوتینان سەبارەت بە سنووریی دەریایی و هاریکاری ئەمنی واژووکرد، وڵآتانی ئەورووپا بەو رێککەوتنە سەرسام بوون هاتن دەستوەردانیان کرد".
ناوبراو گوتی:"ئێمە دەمانەوێت پارێزراوبین، تورکیا هات بۆ ئەوەی بمانپارێزێت".
هەروەها لە گۆڕەپانی ئازادی لە مسراتەش هاووڵاتیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لەمیانیدا ئیدانەی ھێرشی ھێزەکانی سەربە لیوا خەلیفە حەفتەر بۆسەر شاری تەرابلوس و ناوچەکانی دەورووبەری کرا.
لەمیانی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران دروشمی " خەلیفە حەفتەر شوێنی زیندانە نەک دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان" و "خەلیفە حەفتەر منداڵەکانمان دەکوژێت"یان بەرزکردەوە.