Ethem Emre Özcan
09 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2021
ئەنقەرە – AA
رژێمی بەشار ئەسەد، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئیسرائیل، ھێرشی ئاسمانیی بۆسەر چەند خاڵێکی سەربازیی لە ناوەڕاست و کەناراوەکانی سووریا ئەنجامداوە.
ئاژانسی ھەواڵیی سانا "SANA"ی سەربە رژێمی ئەسەد، پشت بەستن بە سەرچاوەکان لە وەزارەتی بەرگریی رژێم بڵاوی کردەوە، کاتژمێر ١٩:١٦ بە کاتی دیمەشق، ئیسرائیل لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییەوە چەند خاڵێکی سەربازیی لە ناوەڕاست و کەناراوەکانی سووریای کردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە پارێزگاکانی حومس و تەرتوس دەنگی تەقینەوەی بەھێز بیستراوە و دەنگۆی برینداربوونی دوو کەسی سەربە رژێمییشی بڵاوکردووەتەوە.
ھەروەھا ئاماژەی بەوە داوە "سستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییمان، زۆربەی مووشەکەکانی دوژمن کە لە باکووری بەیروتەوە دەھاتن، خستووەتە خوارەوە".
لە پارێزگاکانی حومس و تەرتوس جگە لە خاڵی سەربازیی سوپای رژێم، خاڵی سەربازیی گرووپە تیرۆریستییەکانی ژێر فەرمانی سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان جێگیرکراون.
ھێشتا ھیچ راگەیەندراوێک سەبارەت بەو بابەتە لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاونەکراوەتەوە.
- ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر سووریا
رژێمی ئەسەد، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئیسرائیل لە چواری تشرینی دووەم و ٣٠ی تشرینی یەکەم ھێرشی کردووەتە سەر دیمەشق و لە هەشتی تشرینی یەکەم ھێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی T4 لە حومس و لە سێی ئەیلوول ھێرشی کردووەتە سەر دیمەشق و لە ٢٠ی ئاب ھێرشی کردووەتە سەر دیمەشقی پایتەخت و پارێزگای حومس و لە ١٩ی تەمووز ھێرشی کردووەتە سەر حەلەب و لە نۆی حوزەیران، ١٧ی ئادار، ٢٨ و ١٥ی شوبات ھێرشی کردووەتە سەر دیمەشق، چواری شوبات ھێرشی کردووەتە سەر قونەیتەرە و لە ١٣ی کانوونی دووەم ھێرشی کردووەتە سەر دێرازۆر و لە رۆژھەڵاتی سووریا لە حەوتی کانوونی دووەم ھێرشی کردووەتە سەر باشووری دیمەشق و لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ ھێرشی کردووەتە سەر ناوچەی نەبی ھابیل لە گوندەواری رۆژئاوای دیمەشق.
بەشێوەیەکی گشتیی ئیسرائیل کەتەکانی ئێوارە یان درەنگانی شەو، ھێرشەکانی بۆسەر سووریا ئەنجام دەدات.