Ramal Mahmood
31 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2017
تا دێت گوشارەکان لەسەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، تێریزا مەی زیاتر دەبن بەهۆی ئەوەی کە بانگهێشتنامەی شاژنی بەریتانیا ئەلیزابێسی دووەمی بەسەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ گەیاندووە.
لەمیانی سەردانی هەفتەی رابردووی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، تێریزا مەی بۆ ئەمریکا وەک یەکەم سەرکردەی جیهان لەگەڵ ترەمپ، کۆبووەوە. بەهۆی ئەوەی کە بانگهێشتنامەی سەردانیکردنی بەریتانیای گەیاندووەتە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رووبەڕووی ناڕەزایی زۆر بووەتەوە.
داواکاری پاشەکشەکردنی ئەم بانگهێشتنامەیە کە پێشکەشی پەرلەمانی بەریتانیا دەکرێت تاکو ئێستا یەک ملیۆن و ٦٥٠ هەزار کەس واژوویان لەسەر کردووە. راوێژکاری پێشووی وەزارەتی دەرەوە، پیتەر ریکێست سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، تێریزا مەی تۆمەتبار کرد بەوەی پەلەی کردووە لە گەیاندنی بانگهێشتنامەکەدا.
لەمبارەیەوە ریکێست پەیامێکی بۆ رۆژنامەی زە تایمز ناردووە، تیایدا هاتووە "دەبوو بەر لە پێشنیازکردنی بانگهێشتێکی لەمجۆرە بۆ شاژن، چاوەڕێ کرابووایە کە ترەمپ بەچ جۆرێک سەرۆکایەتی دەکات. ئەوکات ژیرانەتر دەبوو. لەم دۆخەدا شاژن ناچار کراوە بەمە".
ناوبراو لە پەیامەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە پێشتر بەم خێراییە هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا لەلایەن بەریتانیاوە بانگهێشت نەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە ریکێست سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، تێریزا مەی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەر لەوەی بانگهێشتەکە بگەیەنێتە ترەمپ ئاگاداری بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتی هاووڵاتییانی حەوت وڵاتی ئیسلامی بووە بۆ ئەمریکا.