Sarmand Hameed
14 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 15 مای,س 2020
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٩٥٤ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە، دەرەنجام شەش تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری کارەکانی ٢٤ کاتژمێری رابردووی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ،٩٥٤ پشکنین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە ٣٥٩ لە هەولێر، ٢٨٧ لە سلێمانی، ٢٥٠ لە دهۆک، ٥٤ لە هەڵەبجە و چوار پشکنین لە سۆران ئەنجام دراوە، دەرەنجام شەش تووشبووی نوێ لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تووشبووەکان ئەندامی یەک خێزانن و دانیشتووی شاری سلێمانین کە پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ لەگەل خێزانەکەی تەمەن ٤٣ ساڵ و منداڵەکانیان کە دوو کچ تەمەنیان ٢١و١٩ ساڵ و کوڕێکی تەمەن ١٧ ساڵ، لەگەڵ منداڵێکی تەمەن شەش ساڵ.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ٥٧ هەزار و ٤٠٦ پشکنین ئەنجامدراوە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوەشدراوە کە لە کۆی١٠ هەزار و ٦١٠ ھاووڵاتیی کەرەنتین کراو، نۆ هەزار و ٧١٥ هاووڵاتیی لە کەرەنتین دەرچوون و دوای تەواو کردنی ماوەی ١٤ رۆژ و ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆیان و پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە ھەڵگری ئەو نەخۆشییە نین، گەڕانەوەتە ناو خانەوادەکانیان و لەئێستادا تەنها ٨٩٥ هاووڵاتیی لە ٣٢ شوێنی جیاوازی کەرەنتین ماونەتەوە کە ٣٨٠ لە هەولێر، ١١١ لە سلێمانی، ٤٠٣ لە دهۆک و یەک کەسیش لە راپەرین.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٢ هاووڵاتیی کەرەنتین کراون.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا ٣٩٧ تووشبوو، لەنێویاندا پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەیە و ٣٧٧ نەخۆش چاکبووەتەوە، و لەئێستادا تەنھا ١٥ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکی دان.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێگرییکردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ، راگەیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە، سینەماکان و چەند شوێنێکی دیکە، ھەروەھا وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.