Fakhradin Ibrahim Mohammad
20 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی سارس لە نەخۆشخانەی ئاسا لە سلێمانی، وەزارەتی تەندرۆستیی هەرێمی کوردستان روونکردنەوە دەدات.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان د. ئاسۆ حەوێزی رایگەیاندووە: "لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە گوایە جۆرێکی ڤایرۆسی سارس SARS لە نەخۆشخانەی ئاسا لە شاری سلێمانی دەستنیشانکراوە. بە پێویستی دەزانین بۆ بەرچاوی هاووڵاتیان ڕونبکەینەوە تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەک و بەڵگەیەکی پەسندکراو نیە بۆ بوونی ئەم ڤایرۆسە، چونکە پڕۆسەی پشکنینی تاقیگە بۆ چەندین جۆری ڤایرۆس ئەنجام دەدرێت و چەندین جۆری ڤایرۆسی سارس هەیە کە لەگەڵ جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ڤایرۆسەکانی ئەنفلەوەنزا لە هەمان خێزان ئەژمار دەکرێت".
د. ئاسۆ حەوێزی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە "هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە پێویست بە شڵەژان ناکات و تیمی پسپۆڕی وەزارەتمان لەگەڵ تیمەکانی تەندروستی، بەدواداچوونی زیاتر بۆ لێکۆڵینەوە لەم گومانە دەکات وە تەنها وەزارەتی تەندروستی تاکە سەرچاوەی فەرمی ڕاگەیاندن دەبێت کە بە داخەوە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی فەرمی دەبنە هۆکاری پشێووی هاووڵاتیان".