ھەولێر
ئەمڕۆ لە ناوچەی ھەنارەی نزیک ھەولێر ١٤ جۆر مادەی ھۆشبەر سووتێنران، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەھێشتنی مادە ھۆشبەرەکان دەڵێت ھێشتا لە ھەرێم نەبووەتە دیاردە.
عادل بۆتانی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەھێشتنی مادە ھۆشبەرەکان لە ئاسایشی گشتی- ھەولێر ئەمڕۆ ٢٩/١٠ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەستبەسەرداگرتنی بڕی یەک تەن لە چواردە جۆر مادەی ھۆشبەر لە ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک لە ماوەی سێ ساڵدا راگەیاند، ھاوکات گوتی" مادەی ھۆشبەر لە ھەرێمی کوردستان ھێشتا نەبووەتە دیاردە، بەڵکو کێشەیەکە رووبەرووی دەبینەوە."
ئەو مادە ھۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیرابوو و دواتر لەپێش چاوی راگەیاندنەکان سووتێنران، بریتی بوون لە تریاک، ماراجوانا، حەشیش، کڕیستاڵ، مۆرفین، ھیرۆیین و زیاتر لە پێنج ھەزار دەرزی و جۆرەھا حەبی دیکە.
بۆتانی کە مادەی ھۆشبەری بە "تیرۆری سپی" ناوبرد ئاشکرای کرد ئەو مادە ھۆشبەرانە لە بازگەکان و لەناو شارەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە، روونیشیکردەوە "٣٥٠ کەس لە بازرگانیکردن و کێشانی ئەو مادانە دەستگیرکراون کە بەشێکیان حوکمیان بۆ دەرچووە و بەشێکی دیکەشیان رێ و شوێنی یاساییان ماوە."
لەبارەی گیراوەکانیشەوە گوتی: "کوردی ھەرێم و دەرەوەی ھەرێم و ئێرانی و تورک و بیانیشیان تێدایە."
بۆتانی بێ ئەوەی پەنجەی تۆمەت بۆ ھیچ وڵاتێک درێژ بکات کە بەرپرسە لە ھێنانی ئەو ماددانە بۆ ناو ھەرێم گوتی: "سەرچاوەکەی ئەفغانستانە و دواتر دەچێتە ئێران و لەوێوە دێتە کوردستان و ئیتر رەوانەی وڵاتانی دیکەش دەکرێت".
لەبارەی تێوەگلانی ھیچ بەرپرسێک باڵای ھەرێم لەو بازرگانییەدا گوتی" ھیچ بەڵگەمان لەسەر ھیچ بەرپرسێکی ھەرێم نییە بازرگانی بە مادە ھۆشبەرەکانەوە بکات."
ئەو بەرپرسە ھەروەھا رۆڵی ئەو زانیارییانەی لەلایەن ھاوڵاتییانەوە لەوبارەیەوە پێیان دەدرێت بە گرنگ ناوبرد و گوتی، ئەوە رۆڵی لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو ماددانە و دەستگیرکردنی خاوەنەکانیان ھەیە.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد بەپێی زانیاری و راپۆرتەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوبوونەوەی مادەی ھۆشبەر لە ھەرێم لە ٢٠٠٣ەوە دەستی پێکرد و سەرەتا ترانزێت بووە، دواتر کێشانیشی پەیدابووە.
بۆتانی ئاماژەی بەوەدا ئەوان بە ناچاری ئەو کەسانەی مادەی ھۆشبەر دەکێشن رەوانەی زیندانەکان دەکەن، چونکە بە قسەی ئەو حەوت ساڵە داوای کردنەوەی ناوەندێکی چارەسەرکردنیان کردووە بۆ ئەوانەی مادەی ھۆشبەر دەکێشن، بەڵام ھێشتا دروست نەکراوە.