ھەولێر
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، بەشداریی لە مەراسیمی یادکردنەوەکە کرد و لەلایەن سەركونسوڵی توركیا لە ھەولێر محەمەد عەکیف ئینام پێشوازییان لێکرا، عەکیف گوتی: "پەیوەندییەکانمان بەشێوەیەکی زۆر باش بەرێوە دەچێ."
ئینام گوتیشی: "گەشتنمان بەم خاڵە کارێکی ڕێکەوت نەبووە، بەئیرادەیەکی بەھێزەوە گەشتوینەتە ئەم خاڵە. خۆشحاڵین بە سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە، جێگای رێزە بۆ ئێمە کە پێشوازیی لەبەرێزیان دەکەین."
ئینام لەدرێژەی گوتەکانیدا گوتی: "ئەم ناوچەیە دەروازەیەکە بۆ کرانەوەی دەرگای ڕۆژھەڵاتی ناوین بەڕووی تورکیادا، تورکیا دەرگایەکە بەڕووی ھەرێمدا بۆ ئەوروپا، ھەموو ھەوڵەکان دەخەینە گەڕ بۆ باشترکردنی دۆخەکە".
ئینام لە گوتەکانیدا ئاماژەی بە بوونی ١٣٠٠ کۆمپانیای تورکی و نزیکەی ٣٠ ھەزار ھاووڵاتی تورکی کرد لە ھەرێمی کوردستان.
گوتیشی: پەیوەندی ئابووریی و بازرگانیمان ھەیە، لێرەدا بەرپرسیارێتییەکی گرنگمان دەکەوێتە ئەستۆ، کۆنسوڵخانەی ھەولێر ماڵی ئێوەیە، حەوت ڕۆژ لە حەفتەدا کاردەکەین و دەرگامان کراوەیە.
محەمەد عەکیف ئینام گوتی: بەھێنانی سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ وەرگرتنی ڤیزەی تورکیا، خەڵکمان لە سەرەگرتن ڕزگارکرد، دەتوانن لەماوەی سێ دەقیقەدا گەشتیاران ڤیزە وەرگرن، بەمەش گەشتیارانی ناوچەکە بۆ تورکیا رووی لەزیادبوون کرد.
لەکۆتایی گوتەکانیشیدا ئینام سوپاسی سەرجەم کۆمپانیاو لایەنەکانی کرد کە بوونەتە سپۆنسەری مەراسیمەکە لەوانە Türk Hava Yolları,Türkiye İş Bankası, Vakıfbank, Ziraat Bankası, Albaraka Türk ve Bank Asya لە ئۆفیسەکانی ھەلێر.
ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداریان لە مەراسیمی یادی ٩٠ ساڵەی دامەزراندنی كۆماری تورکیا کرد لەوانە "گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەفین دزەیی، وەزیری بازرگانی سینان چەلەبی،وەزیری ناوخۆ کەریم سنجاری،رێکخەری کاروباری حکومەتی ھەرێم قوباد تاڵەبانی، وەزیری داد و ئابووریی و دارایی و پەروەردە، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێم فوئاد حوسێن،بەپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم فەلاح مستەفا، پارێزگاری ھەولێر نەوزاد ھادی، بەپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ھێمن ھەورامی، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی فازڵ میرانی، سەرۆکانی و بەرپرسانی کۆنسوڵخانەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و ڕوسیاو ئیران ومیسر، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسیەکان و ڕۆژنامەنووسان بەشدارییان لە مەراسیمەکە کرد.