Rewa Mahmood Hasan
29 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2020
سلێمانی - AA
چوار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی H1N1 ناسراو بە پەتای ئەنفلۆنزای بەراز لە شاری سلێمانی تۆمار کراون، بەڕێوەبەی نەخۆشخانەی شار ئاشکرای کرد کە سێ حالەتیان چارەسەرییان بۆ کراوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی، د. ئومێد عەلی رایگەیاند، لە ماوەکانی پێشوودا چوار حاڵەتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزای بەراز لە شاری سلێمانی تۆمار کراوە، هاوکات رێککاری پێویستیش بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گیراوەتە بەر.
دوای ئەوەی کە ماوەی پێشوو دەنگۆی تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی تووشبوون بە پەتای ئەنفلۆنزای بەراز لە شاری سلێمانی بڵاوبوویەوە، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی، د. ئومێد عەلی زانیارییەکەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پشتراست کردەوە و رایگەیاند، زۆرێک لە حاڵەتەکانیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
پەتای ئەنفلۆنزا کە بە چەند شێوەیەک خۆی دەردەخات لەوانە ئەنفلۆنزای باڵندە، ئەنفلۆنزای بەراز و ئەنفلۆنزای وەرزی، کە لەسەدا ٢٠ی ئەو نەخۆشانەی روودەکەنە نەخۆشخانەکان لەو جۆرەی دواییانە و بەسەختی گرتوویانە.
د. ئومێد عەلی ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ماوەکانی پێشوودا چوار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە سلێمانی تۆمارکراوە.
بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی ئەوەیشی گوت کە سێ حالەتیان چارەسەرییان بۆ کراوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.