Hamit Hüseyin
21 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2016
وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەریمی کوردستان د.رێکەوت حەمە رەشید بە ھاوبەشی لەگەڵ وەزیری ھەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا بۆ کاروباری یەکێتیی ئەورووپا و و پەیوەندییە ھەرێمییەکان، بەیت مارک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا گوتی: "لە کۆبوونەوەوەی ئێمە لەگەڵ شاندی میوان باس لە قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی شەڕی دژی داعش و کێشەی دارایی کراوە و ھەروەھا پێداویستییەکانمان بۆ ئەو وەزیرە باس کرد کە یەکەمیان ئەوەیە کارمەندان و پزیشکانی تەندروستی پێویستیان بە مووچە ھەیە تا کارمەندانی ئێمە بەردەوام بن لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و ھەورەھا ئێمە باسی ئەو ناوچانەمان کردووە کە لە ژێر دەستی داعش رزگار کراون وەک شنگال و ناچەکانی دیکە".
د.رێکەوت حەمە رەشید ھەروەھا گوتیشی: "پێشمەرگە بریندارەکانمان کە زۆربەیان لە ھەرێمی کوردستان چارەسەر کراون و ھەندێکیان پێویستییان بە چارەسەریی دەرەوەی وڵات ھەیە، ئەم بابەتەمان لەگەڵ وەزیری ھەرێمی باڤاریا باس کردووە و ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان لەو باوەڕەداین کە دەبێت لە یارمەتییەکانی مرۆڤییدا، ئێمە پشکی شێرمان بەربکەوێت چونکە زیاترین ژمارەی ئاوارە لە ھەرێمی کوردستانن ئەوەش بە جۆرێک کە لە عێراق و لوبنان و تورکیا زۆرترە و ھەر بۆیەش ئەوان داواکارییەکانی ئێمەیان وەرگرتووە و بڕیارە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا کۆ ببنەوە و دواتر خۆیان دیراسەتی ئەو بابەتانە دەکەن".
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی: "حکوومەتی عێراقی بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستانی نەبڕیوە و ئێمە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ھەماھەنگی داین و لە ئێستادا لە سەدا ٤٥ی بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت".
ھەروەھا لەبارەی رەوانەکردنی ھەندێ پزیشک بۆ فێربوون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا گوتی: "پرۆژەی ناردنی دکتۆر بۆ ئەڵمانیا ھەیە بەڵام ئێمە ترسمان لەوە ھەیە کە دکتۆرەکانمان بچنە ئەو وڵاتە و ئیتر نەگەڕێنەوە و حکوومەتی ئەڵمانیا ھیچ گەرەنتییەکی بۆ گەڕانەوەیان بە ئێمە نادات".
وەزیری ھەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا بۆ کاروباری یەکێتیی ئەورووپا و و پەیوەندییە ھەرێمییەکان، بەیت مارک سوپاسی ھەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "رۆڵی ھەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تێرۆریستان و کردنەوەی دەرگا بە رووی ئاوارەکانی ناوخۆی و بیانی بەرز دەنرخێنم و ئەوە جێگای رێزە و ئەوەش دەزانین کە یارمەتی ئەو ھەموو پەنابەرە بە تەنیا ناکرێت. دەبێت ھەموومان پێکەوە ئەو یارمەتییە بدەین و ھاتووم لە نزیکەوە ئەو رەوشە ببینم تا وەکو دەنگەکە بە شوێنی مەبەست بگەیەنم".