تەندروستی هەولێر پلانی جەژنی راگەیاند
- گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، فاخیر کرمانجی: "١٥ تیمی سەنتەری هەماهەنگی خێرا (١٢٢) بەسەر شوێنە گشتییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دابەشکراون".
Arbil
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر پلانی جەژنی رەمەزانی راگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات کە ١٥ تیمی خێرا لە شوێنە گشتییەکان و رێگا سەرەکییەکان جێگری دەکرێن.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، فاخیر کرمانجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "خزمەتگوزاری تەندروستی هەمیشەیی بەردەوامە لەسەر دوو ئاست، لەسەر ئاستی خۆپارێزی و چارەسەر، هەروەها لەسەر ئاستی چاودێری تەندروستی، ئێمە لیژنەیەکی باڵامان هەیە بۆ سەرپەرشتی و چاودێریکردنی هەموو شوێنە گشتییەکانی پەیوەندیدار بە وەزارەتی تەندروستی وەک چێشتخانە و هۆتێل و ئەو شوێنانەی خەڵک رووی تێدەکات و سەرەڕای چاودێریکردنی سەرچاوەکانی ئاو و خۆراکەکان لە بازگەکان کە هاوردەی هەولێر دەکرێن".
فاخیر کرمانجی گوتیشی: "لە رۆژانی جەژندا لە هەموو ئەو شوێنانەی کە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتنیان تیادایە، دەرگاکانیان واڵایە و هەموو خزمەتگوزارییەکانی تیادایە لە بچووکترین کێشە تا نەشتەرگەری".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە ١٥ تیمی سەنتەری هەماهەنگی خێرا (١٢٢) بەسەر شوێنە گشتییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دابەشکراون و پێشبینی دەکرێت گەشتیارێکی زۆر سەردانی هەولێر بکەن و ئەو تیمانە بەسەر رێگا سەرەکییەکان دابەش دەکرێن و لە ئامادەباشیدان بۆ هەر رووداوێکی تەندروستی.