Dmitri Chirciu
19 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2020
مۆسكۆ - AA
له رووسیا لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٥ هەزار و ٩٨٢ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە پهتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) تۆمارکرا کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکە لەو وڵاتە تا ئێستا بەرزترین رێژەیە رۆژانە تۆمارکرابێت، بەوەیش كۆی حاڵهتهكانی تووشبوون بهو پهتایە یەک ملیۆن و ٤١٥ هەزاری تێپهڕاند.
بهپێی راگهیهنراوێک کە لەلایەن ناوهندی رووسیا بۆ كۆنترۆڵكردن و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بڵاوکراوەتەوە له میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ژمارەی ئەو کەسانەی بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە ١٧٩ کەس زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢٤ هەزار و ٣٦٦ کەس.
هاوکات ١٥ هەزار و ٩٨٢ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە پهتاکە تۆمارکرا و كۆی حاڵهتهكانی تووشبوون بهو پهتایە بەرزبووەتەوە بۆ یەک ملیۆن و ٤١٥ هەزار و ٣١٦ کەس.
لە کاتێکدا لەسەرانسەری رووسیادا، سەدا ٢٦،٢ی تووشبووانی نوێی پەتاکە نیشانەکانی پەتاکەیان پێوە دیار نییە، رێژەی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی رۆژانەی تووشبوون بەو پەتایە سەدا ١،١ە.
ناوهندی خزمهتگوزاریی پاراستنی تهندروستیی گشتیی و مافهكانی بهكاربهر لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بهوه كرد کە تێكڕای ژمارهی ئهو پشكنینانهی له تهواوی رووسیا تا ئێستا ئهنجامدراون، ٥٤ ملیۆن و ٣٠٠ ههزاری تێپهڕاندووه.
یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە رووسیا لە ٣١ی کانوونی دووەمی رابردوودا تۆماركرا، هەروەها یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بهو پهتایه لە ١٩ی ئاداری رابردوودا، تۆمار کرا.
لە یەکی ئەیلوولەوە خوێندن لە رووسیا دەستی پێ کردووەتەوە و لەناو قوتابخانەکاندا، بەکارهێنانی دەمامک و پاراستنی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتیی کراوەتە زۆرەملێ.