Rewa Mahmood Hasan
03 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2020
سلێمانی-AA
دوای ئەوەی کە سەرۆکی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و بڕیاریاندا بە ئاساییکردنەوەی دۆخی نێو بازار، کە پێشتر بریاری قەدەغەی هاتوچۆ لە ١ی حوزەیرانەوە بۆ ٦ی هەمان مانگ راگەیاندبوو، ئەمیش دوای ئەو ناڕەزایەتیانە دێت کە کاسبکاران و بەشێک لە هاووڵاتییانی شار و شارۆچکەکان نیشانیاندا بە گردبوونەوە، بۆ کردنەوەی بازاڕ و دووکانەکان.

ئەمڕۆ زۆرێک لە دووکان و بازاڕەکانی ناوشاری سلێمانی کرانەوە و کاسبکارانیش خۆشحاڵبوون بە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی جموجۆڵ لە بازاڕەکاندا.

هەرچەندە قەرەباڵغی وەک پێشتر بە بازار و دووکانەکانەوە نەدەبینرا، بەڵام هێشتا جموجۆڵی کەمێکیش لە بازارەکاندا، مایەی دڵخۆشیی کاسبکاران و هاووڵاتییان بوو.

بەختیار کە یەکێکە لە نوێنەری کاسبکارەکانی نێو بازاڕ بەتایبەت دەستگێرەکان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە کردنەوەی بازاڕ و دووکان و کاری دەستگێڕەکان. ئەو پێی وابوو کە کردنەوەی دووکان و بازاڕ و جموجۆڵ کارێکی باشە بەڵام بەمەرجی خۆپارێزی هاووڵاتییان بە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و پاراستنی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی کە یەک مەتر و نیوە و ئاشکرای کرد کە هەموولایەک و کاسبکارانیشیان ئاگادار کردووەتەوە کە دەمامک و دەستکێش بەکاربهێنن.

هاووڵاتیی شێخ محەمەد بازیانی کە ٥٥ ساڵ تەمەنێتی، بۆ کڕینی پێداویستییەکانی هاتبووە ناو بازاڕ و خۆیشی لە بازاڕی سەعید تەها کۆیی دووکانی وشکەی هەبوو، ئاماژەی بەوەدا کە دۆخ و گوزەرانی خەڵک خراپە بۆیە پێویستە بە رەچاو کردنی دۆخی بژێوی هاووڵاتییان و رێنماییە تەندروستییەکان بازار بکرێتەوە.