رۆما - AA
لە میانی یارییەکانی ھەفتەی ٣٣هەمینی خولی ئیتاڵیا بۆ تۆپی پێ (Serie A)دا، یانەی ناپۆلی بە ئەنجامی ١-١ لەگەڵ یانەی ئۆدێنیزی یەکسان بوو، بەمەش پێنج هەفتە بەر لە کۆتایی هاتنی خولەکە بە ١٦ خاڵ پێش یانەی لازیۆی رکابەری کەوت و توانی نازناوەکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
ناپۆلی کە بە جیاوازیی ١٦ خاڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە، لە یاریگای داسیا ئارینا رووبەڕووی ئودینێزی بووەوە.
لە خولەکی ١٣دا ئودینێزی لە رێگەی یاریزان ساندی لۆڤریچ بە ئەنجامی ١-٠ پێشکەوت و نیوەی یەکەمی یارییەکە بەم ئەنجامە کۆتایی هات.
لە خولەکی ٥٢دا هێرشبەری یانەی ناپۆلی، ڤیکتۆر ئۆسیمهێن گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ یانەکەی تۆمار کرد و یارییەکە بە ئەنجامی ١-١ کۆتایی هات.
بەم یەکسانبوونە ناپۆلی نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
بەمەش ناپۆلی پێنج هەفتە بەر لە کۆتایی هاتنی خولەکە بە ١٦ خاڵ پێش یانەی لازیۆی رکابەری کەوت و توانی نازناوەکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
بەم بۆنەیەوە هاندەرانی ناپۆلی بە درێژایی شەو لە شەقام و گۆڕەپانەکانی شاردا ئاهەنگیان گێڕا.
ناپۆلی دوایين جار لە وەرزی ١٩٩٠-١٩٨٩دا نازناوی خولی ئیتاڵیای بەدەست هێنابوو. یەکەم نازناویشی لە وەرزی ١٩٨٧-١٩٨٦دا بەدەستهێنا.