Erkan Tiryaki
19 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2021
ئەنقەرە - AA
ھەڵبژاردەی تۆپی پێی تورکیا بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە یاریی قۆناغی نیوەی کۆتایی پاڵەوانێتی ئەورووپادا بە ئەنجامی ٥-٢ لە ھەڵبژاردەی رووسیای بردەوە و سەرکەوت بۆ یاریی کۆتایی.
لە میانی یارییەکانی قۆناغی نیوەی کۆتایی پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئەورووپا بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، کە لە شاری کڕاکۆفى پۆڵەندا بەڕێوەدەچێت، ھەڵبژاردەی تورکیا رووبەرووی ھەڵبژاردەی رووسیا بوویەوە.
ھەڵبژاردەی رووسیا، لە خولەکی ١٤دا بە گۆڵێکی ئیگۆر گاماونۆڤ پێشەنگیی خۆی تۆمارکرد.
لە بەرامبەردا، یاریزانانی تورکیا ھەوڵەکانیان چڕتر کردەوە و ئەوە بوو لە خولەکی ٢١دا کەمال گولەش گۆڵی یەکسانی و رەحمی ئۆزجان لە خولەکی ٢٤دا گۆڵی پێشەنگی تۆمار کرد و ئەنجامەكەى كردە ٢-١.
لە ماوەی زیادکراوی نیوەی یەکەمی یارییەکە و لە خولەکی ٢٥+٢دا یاریزانی رووسی دیمیتری ئودالۆڤ، گۆڵی دووەمی بۆ رووسیا تۆمار کرد و ئەو بەشەی یارییەکە بە ئەنجامی ٢-٢ کۆتایی ھات.
یاریزانانی تورکیا، نیوەی دووەمی یارییەکەیان زۆر بە خێرایی دەستپێکرد و لە خولەکی ٣٢دا رەحمی ئۆزجان گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی وڵاتەکەی تۆمار کرد. یاریزانی رووسی لە خولەکی ٤٢دا گۆڵێکی لە خۆیان کرد و ئەنجامەکەی بۆ ٤-٢ بەرزکردەوە.
لە ماوەی زیادکراوی یارییەکە و لە خولەکی ٥٠+٤دا یاریزانی تورکیا کەمال گولەش بۆ جاری دووەم تۆڕی رووسیای ھەژاند و ئەنجامی یارییەکەی بە ٥-٢ لە بەرژەوەندی تورکیا کۆتایی پێھێنا.
تورکیا، کە پاڵەوانی خولی رابردووە، سبەی لە یاریی کۆتاییدا رووبەرووی ھەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبێتەوە کە لە یاریی نیوەی کۆتایی بە ئەنجامی ٢-١ لە ھەڵبژاردەی پۆڵەندای بردبويەوە.