باکو - AA
ھەڵبژاردەی تۆپی پێی تورکیا لە کۆتا یاریدا لە میانی یارییەکانی پاڵەوانێتی یۆرۆ٢٠٢٠، بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێک بە ھەڵبژاردەی سویسرا دۆڕا و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتييەكە کرد.
فيكەى دەستپێكى یارییەکە كە لە کاتژمێر ١٩:٠٠ لە یاریگای ئۆلۆمپیاتی باکو لە ئازەربایجان دەستيپێكرد لەلايەن ناوبژيوانى سلۆڤينى سلاڤكو فينسيچ لێدرا.
ھەڵبژاردەی سویسرا، توانی بە گۆڵی ھاریس سیفیروفیچ لە خولەکی شەش و گۆڵی شاکیری لە خولەکی ٢٦دا، ئەنجامی نیوەی یەکەمی یارییەکە بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێبھێنێت.
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا یاریزانانی ھەڵبژاردەی تورکیا ھێرشەکانیان چڕ کردەوە و ئەو بوو عیرفان جان توانی لە خولەکی ٦٢دا گۆڵی یەکەم تۆمار بکات و جیاوازی گۆڵەکان بۆ گۆڵێک کەمبکاتەوە.
خۆشییەکانی یاریزانانی تورکیا تەنھا شەش خولەکی خایاند ئەوە بوو شاکیری جارێکی دیکە تۆڕی ئوغورجانی ھەژاند و گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی سویسرای تۆمارکرد.
یارییەکە بە ئەنجامی ٣-١ لە بەرژەوەندی سویسرا کۆتایی ھات.
بەم ئەنجامەش ھەڵبژاردەی سویسرا لە پلەی سێیەم و بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ مایەوە و ھەڵبژاردەی تورکیاش بە بێ ھیچ خاڵێک و بە تۆمارکردنی تاکە گۆڵێک ماڵئاوایی لە یۆرۆ ٢٠٢٠ کرد.