دۆحە - AA
لە میانی یارییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالی قەتەر ٢٠٢٢دا، سبەی هەردوو هەڵبژاردەی ئێران و ئەمریکا لە یاریگای ئەلثومامە رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
یارییەکە کاتژمێر ٢٢:٠٠ بەکاتی هەرێمی کوردستان بە فیکەی ناوبژیوانی ئیسپانی، ئەنتۆنیۆ ماتیۆ دەست پێ دەکات.
لەو کاتەی ئێران بە فشارێکی کەمتر دەچێتە ناو یاریگا، ئەمریکا جگە لە بردنەوەی هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە.
هەڵبژاردەی ئێران کە لە یاری یەکەمدا، بە ئەنجامێکی گەورە (٦-٢) بە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دۆڕا لە یاری دووەمدا، ئاستێکی تەواو جیاواز و بێ وێنەی نیشان دا و بە ئەنجامی ٢-٠ لە وێڵزی بردەوە.
لە کاتێکدا پشتیوانی یاریزانانی تۆپی پێ و هاندەران لە ناڕەزایەتییەکان بووەتە جێگەی باس و خواس، گرژیی و ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات وایکردووە زیاتر بە سەرنجەوە سەیری یارییەکە بکرێت.
ئەمریکا کە لە یاری یەکەم و دووەمی قۆناغی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر بە ئینگلتەرا و وێڵز یەکسانبوو، لەم یارییەدا هەوڵی بردنەوە دەدات.
هەرچی ئێرانیشە بە بردنەوە لە ئەمریکا دەرگاکانی گەیشتن بە قۆناغی ١٦ بە روویدا دەکرێتەوە.
لە ئەگەری یەکسانبوونیشیدا، دەبێت ئێران چاوەڕوانی ئەنجامی یاری ئینگلتەرا و وێڵز بکات.