Mazın Asad
22 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2017
ئیدر - AA
سەرۆکی گشت ئاک پارتی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم گوتی: "کاتێک دەڵێن بەڵێ، مومی قەندیل دەکوژێتەوە و کاتێک دەڵێن بەڵێ رۆناکی پانسیلڤانیا دەکوژێتەوە و کاتێک دەڵێن بەڵێ، تیرۆریستان دەترسێن و گەل ئاسوودە دەبێت".
یڵدرم لە کۆبوونەوەی جەماوەری پارتەکەی لەسەر گشتپرسی لە شاری ئیدر، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند لە ئێستادا گشت رێکخراوانی تیرۆریستی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەستیان خستووەتە ناو دەستی یەکتر و دژی گۆڕانکاری دەستوور، کەمپینەی "دەنگی نەخێر بدەن" بەڕێوە دەبەن.
یڵدرم ئاماژەی بەوە دا کە پەکەکە دژایەتی گۆڕانکاری دەستوور دەکات و بەھۆیەوە کەمپینەی نەخێر بەڕێوە دەبات و سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل لەوبارەیەوە لێدوان دەدەن و فەتۆ و پەکەکە بۆ دەنگی نەخێر کار دەکەن و راشیگەیاند ھەندێک لە سیاسەتمەدارەکانیش کە وەک نەتەوەپەرست خۆیان دەردەخەن کار لەگەڵ فەتۆ دەکەن و لە بەرژوەندی تیرۆر کار دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا جەختی لەوەش کردەوە کە پەکەکە ھەرگیز نوێنەری کورد نەبووە و زیاتر گوتیشی: "پەکەکە ھەرگیز ناتوانێت نوێنەرایەتی ئێمە بکات. ھەندێک لە پارتە سیاسییەکان کە بوونەتە یاری دەستی فەتۆ، ھەرگیز نوێنەرایەتی برا نەتەوە پەرستەکانم ناکەن. یەکێتی نیشتمان، بەیەکەوەژیان و مانگ و ئەستێرە (ئاڵای تورکیا) لە لای برا نەتەوە پەرستەکانم لە پێشت ھەموو شتێکەوە دێت. ئەمانە ماسکی کوردیان ھەڵگرتووە، ئەمانە ماسکی نەتەوەپەرستیان ھەڵگرتووە، بەڵام ئەمانە پشتیوانی لە پەکەکە و فەتۆ دەکەن. کاتێک دەڵێن بەڵێ، مومی قەندیل دەکوژێتەوە و کاتێک دەڵێن بەڵێ رۆناکی پانسیلڤانیا دەکوژێتەوە و کاتێک دەڵێن بەڵێ، تیرۆریستان دەترسێن و گەل ئاسوودە دەبێت".