Özcan Yıldırım,Sinan Uslu,Yasemin Kalyoncuoğlu
21 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2018
دیاربەکر- AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم بەشداریی لە کۆبوونەوەی جەماوەریی پارتەکەی لە دیاربەکر، کرد و رایگەیاند "پرۆگرامێکی تایبەتیی گەشەپێدان بۆ ٢٣ پارێزگای خۆرهەڵات و باشووری خۆرهەڵات دەستپێدەکەین. لەگەڵ ئەم پرۆگرامی گەشەپێدانەدا چیتر گەنجەکانمان چاویان لە چیاکان نابيت بەڵکو تەماشای ئامانجەکانی ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٥٣ دەکەن. چیتر رێکخراوە تیرۆریستییەکان ناتوانن بیر و داهاتووی گەنجەکانمان بدزن".
لە کۆبوونەوەی جەماوەریی "نەفرەت لە ستەم و پشتیوانیی لە قودس" کە لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆنی دیاربەکر بە مەبەستی پشتیوانیی لە گەلی فەڵەستین بە درووشمی "دیاربەکر لەسەر شەقامە لە پێناو مرۆڤایەتییدا"، یڵدرم ئاماژەی بەوەکرد تورکیا لە هەر دۆخێکدا داکۆکی لە قودس و خوشک و برا ستەملێکراوەکانی دەکات.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا جەختی لەوەکردەوە کە تیرۆر گەشەپێدان و پێشکەوتنی لە ناوچەکە دواخستووە و رایگەیاند "ویستمان کارگە بکەینەوە، نەمانتوانی. چونکە ئاسایش لە پێش هەموو شتێکەوەیە. خۆشگوزەرانیی و ئارامیی لە پێش هەموو شتێکەوەیە. سەقامگیریی لە پێش هەموو شتێکەوە دێت".
بینالی یڵدرم مژدەی ئەوەی دا کە پرۆژەی نوێی وەبەرهێنان لە پارێزگاکانی خۆرهەڵات و باشووری خۆرهەڵات جێبەجێ دەکەن و رایگەیاند:
"لە ئێستادا کە سەرجەم ئەم بەربەستانە لەنێوبراون، چی دەکەین؟ لە هەریەک لە دیاربەکر، ماردین، باتمان، شرنەخ، هەکاری، وان، سێرت، بینگۆل، مووش، ئاگری، ئەرزینجان، ماڵاتیا و ئادیمان پرۆگرامێکی تایبەتیی گەشەپێدان بۆ ٢٣ پارێزگای خۆرهەڵات و باشووری خۆرهەڵات دەستپێدەکەین. لەگەڵ ئەم پرۆگرامی گەشەپێدانەدا چیتر گەنجەکانمان چاویان لە چیاکان نابيت بەڵکو تەماشای ئامانجەکانی ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٥٣ دەکەن. چیتر رێکخراوە تیرۆریستییەکان ناتوانن بیر و داهاتووی گەنجەکانمان بدزن. چونکە ئیتر حکوومەت پشتیوانیی گەنجەکانمان، بەتەمەنەکان، ژنان و پیاوان دەکات. ئینشائەڵڵا حکوومەت و هاووڵاتیی دەست لەناو دەست و پێکەوە بەرەو رۆژگاری خۆش هەنگاو دەنێین".