Abdullah Shukur
27 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لەبارەی پێدانی چەک بە یەپەگە/پەکەکە لەلایەن ئەمریکاوە، گوتی: "سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئیتر تێگەیشتووە کە چی شتێک بۆ تورکیا گرنگە".
یڵدرم بەشداری لە پرۆگرامێکی کەناڵی BBC Worldی بەریتانی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی رۆژەڤی دایەوە. یڵدرم لەبارەی پێدانی چەک بە یەیەگە لەلایەن ئەمریکاوە، گوتی: "سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئیتر تێگەیشتووە کە چی شتێک بۆ تورکیا گرنگە".
یڵدرم راشیگەیاند کە سیاسەتی تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی داعش ھەر لە سەرەتاوە ئاشکرا بووە. لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "ئەگەر دەتانەوێ بەرەنگاری داعش ببنەوە ئەوا دەبێ ھاوپەیمانی راست و دروست ھەڵبژێرن. ناتوانن شەڕ لەگەڵ رێکخراوێکی تیرۆریستی بە بەکارھێنانی رێکخراوێکی تیرۆریستی دیکە بکەن. ئەوان پێیان راگەیاندین کە کارکردن لەگەڵ یەپەگە و پەیەدە بژاردەیەک نییە بەڵکو پێویستییە. ئەمە پەیوەندییەکی کاتییە و ئیتر کاتی کۆتایھێنانی ئەمەیە. چونکە داعش لە ئێستادا شکستی خواردووە".
یڵدرم راشیگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ئاماژەی بەوە داوە کە پێدانی چەک بە یەپەگە ھەڵە بووە.
یڵدرم لەبارەی ئەو بڕیارانەی کە لە لووتکەی سۆچی دەرکراون، رایگەیاند کە ھەڵوێستی تورکیا لەمبارەیەوە ئاشکرایە و ھەر گرووپێک کە لە چالاکییەکانی تیرۆر تێوەگڵابێ نابێ بەشداری کۆبوونەوەکان بکات. ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیا ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ کوردەکان نییە. گوتیشی: "کوردەکان برای ئێمەن، دراوسێی ئێمەن. ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەو رێکخراوە تیرۆریستیانە ھەیە کە گەلی کورد بەکاردەھێنن. ئەمانەش یەپەگە و پەکەکەن".
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەبیر یڵدرم ھێنرایەوە و پرسیاری ئەوەی لێ کرا کە ئایا لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باسی رادەستکردنەوەی سەردەستەی رێکخراوی فەتۆ، فەتحوڵا گولەن کراوە یان نا، یڵدرم رایگەیاند کە ئەوان گشت بەڵگە پێویستییەکانیان پێشکەش بە ئەمریکا کردووە و چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە لایەنی بەرامبەر ھەنگاوی پێویست بنێت.