Salih Bilici,Muhammet Ali Kemal
27 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "ئێمە نە لە رێگەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە چۆکمان پێدادەدرێت و نە لە بەرامبەر ھەڕەشەی ئابووری کە وەک چەک لە بەرامبەرمان بەکاردەھێنرێت ملکەچ دەکەین و نە دەستخۆشی لە ئۆپەراسیۆنە چەپەڵەکان دەکەین. بە درێژایی مێژوو ئەوەی پلانی لەناوبردنی ئەم گەلەی دانابێت، ھەمیشە دۆڕاو بووە و ئێستاش هەر بەو جۆرە دەبێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی رێورەسمی خەڵاتەکانی ژووری بازرگانی ئەنقەرەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند "لە دوو چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا توانیمانە بگەینە لەسەدا ٥،٢. لە چارەکی سێیەم و چوارەمیشدا چاوەڕوانی رێژەی بەرزترین. گەشەسەندنی ٢٠١٧، ئەگەر هەیە لە لەسەدا ٦ زیاتر بێت و ئەگەر گەیشتە دەورووبەری لەسەدا ٧، کەس تووشی سەرسوڕمان نەبێت".
گوتیشی: ''تەنها لە رێگەی درووستکردنی ٦٥ ناوچەی پیشەسازیی رێکخراوەوە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٣، ئامانجمان ئەوەیە یەک ملیۆن هەلی کاری نوێ دەستەبەربکەین. ژمارەی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، پەرەپێدان و دیزاینکردن کە لە ئێستادا گەیشتووەتە ٨٠٠ ناوەند، تا کۆتایی ساڵی داهاتوو بۆ هەزار و ٢٠٠ ناوەند بەرزیان دەکەینەوە و هەلی کار تیایاندا زیاد دەکەین''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند "لەو بڕوایەدام ئەو هەڵاوسانە سادەیەی لە رۆژانی دواییدا لە یاساکانی ئاڵوگۆڕی دراودا دەبینرێت، ماوەیەکی کورت دەخایەنێت و نامێنێت. سووەکان (فائیز) ئەو بەشەی ئابوورین کە زیاتر من ئازار دەدەن. لە گەڵی نیم، لەگەڵ تێڕوانینی هەندێکدا نیم بۆ سوو".
هەروەها گوتی: "ئێمە نە لە رێگەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە چۆکمان پێدادەدرێت و نە لە بەرامبەر ھەڕەشەی ئابووری کە وەک چەک لە بەرامبەرمان بەکاردەھێنرێت ملکەچ دەکەین و نە دەستخۆشی لە ئۆپەراسیۆنە چەپەڵەکان دەکەین. بە درێژایی مێژوو ئەوەی پلانی لەناوبردنی ئەم گەلەی دانابێت، ھەمیشە دۆڕاو بووە و ئێستاش هەر بەو جۆرە دەبێت".