Mehmet Tosun
07 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 08 نیسان 2021
ئەنقەرە- AA
سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردن و بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو، شەنۆڵ کازانجی پۆستەکەی رادەستی سەردار قەراگۆز کرد.
کۆبوونەوەی ئاسایی ساڵی ٢٠٢٠ی دەستەی گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو لە بینای بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاژانس بەڕێوەچوو و تیایدا ماوەی شەش ساڵ کارکردنی دەستەی بەڕێوەبردنی ئاژانسی ئانادۆڵو بە سەرۆکایەتی شەنۆڵ کازانجی کۆتایی هات.
شەنۆڵ کازانجی لە رێوڕەسمێکدا پۆستەکەی رادەستی سەردار قەراگۆز کرد و لە میانی گوتەیەکیشدا باسی لەوە کرد کە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی چڕ کاریان بۆ سەرخستنی ئاژانسی ئانادۆڵو کردووە و سوپاسی پشتیوانییەکانی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی کرد.
شەنۆڵ کازانجی جەختی لەوەشکردەوە کە کارکردنی لە ئاژانسی ئانادۆڵو شەرەفێکی گەورەبووە و گوتی: "بەدرێژایی شەش ساڵ بەچڕی کارمان بۆ گەیاندنی دەنگی ئانادۆڵ بە جیهان کرد. لە ناخی دڵەوە پێموایە دەستەی نوێی بەڕێوبەرایەتی ئەم ئاڵایە زۆر بەرەوپێشتر دەبات. ئەمڕۆ لێرە رێوڕەسمی رادەستکردنی پۆست ئەنجامدەدەین کە دەبێتە نموونە بۆ هەموو دەزگاکانی دیکە".
لە بەرامبەردا سەرۆکی نوێی دەستەی بەڕێوەبردنی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردار قەراگۆز سوپاسی شەنۆڵ کازانجی-ی کرد کە ئاژانسی ئانادۆڵو-ی گەیاندووەتە ئەم ئاستەی ئەمڕۆ و گوتی: "ئاژانسی ئانادۆڵو یەکێکە لە گرنگترین دەزگاکانی تورکیا. گەیاندنی دەنگی تورکیا و ئانادۆڵ بە جیهان بەرپرسیاریەتییەکی قورسی خستووەتە ئەستۆمان. ئێمەش هەوڵێکی زۆر دەدەین تا لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییەدابین".
