Ecenur Çolak,1 23
04 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2018
رۆما – AA
لە میانی ئامادەکارییەکان بۆ سەردانی دوو رۆژەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ڤاتیکان لە سەر بانگهێشتی پاپا فرانسیس، رێوشوێنی ئەمنی توند لە رۆما گیراونەتە بەر.
ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئیتاڵیا بڵاوی کردەوە، بە هۆی دەستپێکردنی سەردانە دوو رۆژیەکەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ڤاتیکان رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا گیراونەتە بەر.
لەمڕۆوە تا ئەردۆغان لە رۆما دەردەچێت سێ هەزار و ٥٠٠ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان ئەرکدار دەکرێن. لەگەڵ هاتنی سەرکۆمار ئەردۆغان-یشدا ژمارەیەک رێگای هاتوچۆی شارەکە دادەخرێن.
لەو میانەیەدا کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان هەموو هەوڵێکیان خستۆتە گەڕ بۆ سەلامەتی ئەو شوێنانەی کەژاوەی ئۆتۆمبێلەکانی ئەردۆغان پیایدا تێدەپەڕن و هەموو چرکەساتێک ئەو رێگایانە لە لایەن هێزەکانی پۆلیس و کامێرای چاودێرییەوە چاودێری دەکرێن.
بە درێژایی سەردانەکەش تیمەکانی NBRC کە دژبە مەترسییەکانی "ئەتۆمی، بیۆلۆجیک، کیمیایی و رادیۆلۆجی" مەشق و راهێنانیان پێ کراوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن.
رۆژنامەی لێ رێپوبللیکای بەناوبانگی ئیتاڵی بڵاوی کردەوە کە جگە لە ئەرکدارکردنی سێ هەزار و ٥٠٠ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی NBRC "ناوچەی سەوز" لە رۆما دروست دەکرێت.
لەو ناوچەیە بە درێژایی سەردانەکەی سەرکۆمار ئەردۆغان رێگە بە هیچ جۆرە خۆپیشاندانێک نادرێت ئەمەش رێگە دەگرێت لە ئەگەری ئەنجامدانی کارە نایاسایی و ئیستیفزازییەکانی پەیەدە/پەکەکە.
ئەم سەردانە دەبێتە یەکەم سەردان لە ئاستی سەرکۆماردا بۆ ڤاتیکان دوای ٥٩ ساڵ. لە میانی سەردانەکەدا ئەردۆغان دوای ئەوەی لەگەڵ پاپا فرانسیس کۆدەبێتەوە لە لایەن سکرتێری دەوڵەتی ڤاتیکان (سەرۆکوەزیران)، کاردیناڵ پالۆرین پێشوازی لێ دەکرێت.
دوای سەردانەکەیشی بۆ ڤاتیکان، سەرکۆمار ئەردۆغان لە ئیتاڵیا لە پەراوێزی خوانی کاردا لەگەڵ سەرکۆماری ئیتاڵیا، سێرگۆ ماتاریالا و دواتریش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، پاوڵۆ گێنتیلۆنی کۆدەبێتەوە.