ئەنقەرە
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو گوتی: "ئێران پێویستە چاو بە رۆڵی خۆی لە عێراق و یەمەن و سووریا بخشێنێتەوە، پێویستە ھەڵوێستی ئەرێنی ھەبێت. پێویستە واز لە سیاسەتی مەزھەبگەرایی بھێنێت، ھەوکات پێویستە گرنگییەکی زۆر بە دیالۆگی سیاسی بدەین".
لە دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراھیم جەعفەری بە سەردانێک گەیشتە ئەنقەرە، لەگەڵ ھاوتاکەی، مەولوود چاوشئۆغڵو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشی رێکخست.
چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە لە دوای پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقی، جەعفەری بۆ سێیەم جارە سەردانی ئەنقەرە دەکات و ئەوانیش وەک تورکیا پاڵپشتی لە حکوومەتی بنکەفراوانی عێراق دەکەن.
ناوبراو هەروەها دەڵێت کە "گەورەترین کێشەی عێراق بابەتی بەرەنگاربوونەوەیە لەگەڵ رێکخراوی تیرۆرستی داعش چونکە داعش رێکخراوێکی تیرۆریستییە و بۆ عێراق و سووریا و تورکیا مەترسییە، ئێمە ھەمیشە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پاڵپشتی گەلی عێراق بووین و بەردەوامیش دەبین لەمە".
چاوشئۆغلو راشیگەیاند کە بەھۆی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس شوێنی خۆیان بەجێھێشتووە. ھاوکات زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار عێراقی لە وڵاتی تورکیایە. ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە پێداگری لە پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵات کراوەتەوە.
چاوشئۆغلو گوتیشی: "بەشێک لە گرووپەکانی مەیدانی شەڕ بەرەنگاربوونەوەیەکی کاریگەر لەگەڵ داعش ناکەن و بەم پێیەش پێویستە گرووپەکانی سوننە ھان بدرێن بۆ ئەوەی دژی داعش شەڕی کاریگەر بکەن، ھاوکات پاڵپشتی سەربازی تورکیا بۆ عێراق لە قۆناغی داھاتووش بەردەوام دەبێت".
چاوشئۆغڵو ئاشکرای کرد کە لە ماوەی داھاتوودا تورکیا راھێنان بە پۆلیسی عێراق دەکات و ئامادەکاری بۆ ئەم مەبەستە دەکات.