Tuğçenur Yılmaz,Rewa Mahmood Hasan
09 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2019
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند "دەبێت لەبری دەستێوەردانی سەربازیی، لەرێی کۆنفرانسێک کە نەتەوە یەکگرتووەکان رێکی دەخات، یەکریزی و یەکگرتوویی لیبیا بپارێزرێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر و یاریدەدەری سەرۆکوەزیران محەمەد بن عەبدولرەحمان ئەلسانی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان رێکخست.
سەرەتا چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ هاوتا قەتەریەکەیدا باسیان لە پێشهاتەکانی لیبیا کردووەو نیگەرانی خۆیانی دەربڕی بەرامبەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەرامبەر تەرابلوس.
لەبەشێکی تری گوتەکانیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان دانیان ناوە بە حکوومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی لە لیبیا و پشتیوانی وڵاتەکەی دەربری بۆ هەوڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی پێکدادان و هێرشەکانی سەر تەرابلوس.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان پشتگیری لە هەنگاوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن بۆ چارەسەری سیاسی لە لیبیا و گوتی، "دەبێت لەبری دەستێوەردانی سەربازیی، لەرێی کۆنفرانسێک کە نەتەوە یەکگرتووەکان رێکی دەخات، یەکریزی و یەکگرتوویی لیبیا بپارێزرێت".
مەولود چاوشئۆغڵو گوتیشی: "گەڕان بەدوای رێگەچارەسەری سەربازیدا لەلیبیا، کارەسات بەسەر لیبیا و لیبیاییەکاندا دێنێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی پرسی خستنە نێو لیستی تیرۆریستی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە گوتی، "ئەم جۆرە بریارانە رێگا خۆشکەرن بۆ ناسەقامگیری لە ناوچەکەماندا".
دوای چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی قەتەر محەممەد بن عەبدولرەحمان بن جاسم ئالسانی قسەی بۆ میدیاکاران کرد وئاماژەی بە پرسی فەلەستیندا کە یەکێک لە تەوەرەکانی دیداری نێوان دوو لایەن بووە و گوتی: "هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی لایەنەکانی فەڵەستینی پێکەوە کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی بگەن بە رێککەوتنێک".
لەبارەی دۆخی لیبیاشەوە وەزیری دەرەوەی قەتەر رایگەیاند: "ئێمە بۆیە دژی بزووتنەوەیەکی لەوچەشنەین چونکە دژی یاسای نێودەوڵەتییە".