Barış Gündoğan,Abdullah Shukur
21 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2019
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی گشتی جەھەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو رایگەیاند، "ئەو ھێرشەی کرایە سەر من، ھێرشێک بوو بۆسەر یەکێتی و یەکپارچەیی تورکیا".
کڵچدارئۆغڵو لە دوای ھێرشکردنە سەری لە رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی سەربازێکی تورکیا لە شارۆچکەی چوبوکی سەر بە پارێزگای ئەنقەرە، بردرایە ناوەندی گشتی جەھەپە و لەو شوێنە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ناوەندی کۆبووەوە.
دواتریش کڵچدارئۆغڵو لەسەر پاسێک گوتارێکی بۆ ھاووڵاتیانە پێشکەش کرد کە لە دەوروبەری ناوەندی پارتەکە کۆبوونەوە و گوتی: "ئەو ھێرشەی کرایە سەر من، ھێرشێک بوو بۆسەر یەکێتی و یەکپارچەیی تورکیا".
سەرۆکی گشتی جەھەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو گوتی: "ئەوان وا دەزانن کە ئەگەر ھێرش بکەن ئەوا سەرۆکی گشتی جەھەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو پاشەکشە دەکات، یەک ملیم پاشەکشە ناکەم".
کەمال کڵچدارئۆغڵو راشیگەیاند: "کاتێک لە ناوچەی شەوشات بەرەو ئاردونچ رۆیشتم، رووبەڕووی ھێرشی پەکەکە بوومەوە، ئەمڕۆ رووبەڕووی ھێرشێکی ھاوشێوە بوومەوە".
کەمال کڵچدارئۆغڵو ھەر لەبارەی ھێرشەکە گوتیشی: "ھەرگیز دڵتەنگ نەبووم بەوەی کە رووبەڕووی ھێرش بوومەوە. ئەوانەی کە بەرگرییان لە ماف و دادپەروەریی کردووە ھەمیشە لە مێژوو رووبەڕووی ھێرش بوونەتەوە. ھەمیشە بەردەوام دەبم لە بەرگریکردن لە ماف و یاسا".
کڵچدارئۆغڵو راشیگەیاند "بێ رێزی بە شەھید کرا، نوێژی جەنازەی شەھید بە راستی و دروستی ئەنجام نەدرا، ئەوە منی خەمبار کرد".
سەرۆکی گشتی جەھەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو لەبارەی ھێرشبەران گوتیشی: "ھێرشبەران ھیچ رێزێکیان بۆ شەھید نییە، رێزیان بۆ نوێژیش نییە، رێزیان بۆ باوەڕیش نییە".