Rewa Mahmut Hasan
06 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2016
ئیستانبوڵ - AA
پارێزگاری ئیستانبوڵ وەسیپ شاهین ئاماژەی بەوەدا کە لە تەقینەوەکەی نزیک بنکەی پۆلیسی یەنیبۆسنا دا ١٠ کەس برینداربوون و ئاشکرای کرد کە برینی هیچ کامیان سەخت نییە.
شاهین بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگادار بوونی کردەوە تیرۆریستییەکە، گەیشتە شوێنی رووداوەکەو لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا.
شاهین ئاماژەی بەوەدا کە سەعات ٢:٤٥ ی ئێوارە لەسەر شەقامی باخچەلی ئەڤلەری فاتیح لە ئیستانبوڵ ماتۆڕێک تەقیوەتەوەو بەهۆیەوە ١٠ هاووڵاتی برینداربوون کە برینی هیچ کامیان سەخت نییە. بەمەش ئەو زانیارییەی راست کردەوە کە لەرێی تویتەرەوە پێشتر درابوو لەسەر سەختیی برینی یەکێک لە قوربانییەکان.
شاهین ئاماژەی بەوەدا کە کاری تیمەکان بەردەوامیان هەیە لەبارەی رووداوەکەوەو چۆنیەتی روودانییەوە.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە ئەو کەسەی بە ماتۆڕەکەوە هاتووە، بەپەلە هەڵهاتووەو دوو کەسی تریش لە شوێنی رووداوەکە دوورکەوتوونەتەوە، شاهین گوتی: "لێکۆڵینەوە لەهەموو ئەمانە دەکرێت و تەواوی گرتەی کامێراکانی چواردەور کۆدەکرێنەوە، ئێستا لەقۆناغی لێکۆڵینەوەدان، ناکرێت لەوە زیاتر بڵێین. هیچ کارمەندێکی پۆلیس بریندارنەکراوە".
شاهین ئاماژەی بەوەشدا کە تائێستا هیچ کەسێک بەگومانی پەیوەندی بە کردەوەکەوە دەستگیر نەکراوە.