Ömer Ürer,Cem Ali Kuş
23 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2022
دوزجە - AA
لە قەزای گۆلیاکا سەربە پارێزگای دوزجە، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی ٥،۹ روویدا و تا ئێستا ژمارەی بریندارانی بوومەلەرزەکە گەیشتووەتە ۳٥ كەس.
بوومەلەرزەکە لە پارێزگاکانی دەوروبەری دوزجەش هەستی پێ کرا و تا ئێستاش چارەسەری بریندارەکان، بەردەوامە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی شارەکەوە وەرگیراون، ژمارەی بریندارانی بوومەلەرزەکە لە ۳۲ كەسەوە بۆ ۳٥ کەس بەرزبووەتەوە و دۆخی یەکێک لە بریندارەکانیش ناجێگیرە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە هۆکاری برینداربوونی ئەو کەسانە بەهۆی خۆهەڵدان و کەوتنەوە بووە.
لە لایەکی دیکەشەوە پاشلەرزەکان بەردەوام بوون و بەهۆی بوومەلەرزەکەشەوە یەک شوێنکار رووخاوە و حەوت بۆ هەشت بیناش کە بینای دادگای دوزجە یەکێکیانە، زیانیان بەرکەوتوە.
لە کاتێکدا تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو، رووماڵی بینا زیانلێکەوتووەکانی دەکرد لە پەخشی راستەوخۆدا، پاشلەرزە روویدا و پەیامنێرەکان بەخێرایی لە ناوچەکە دوور کەوتنەوە.
هەر لە کاتی پەخشی راستەوخۆدا، ئەوە بەدی کرا کە بەشێکی هاووڵاتییان لەترسی بوومەلەرزە ترساون بچنە ناو ماڵەکانیان و لە دەرەوە ماونەتەوە.
تیمەکانی مانگی سووری تورکی و سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاو (AFAD) لە چەند شوێنێکی شارەکە، ئاگریان بۆ ئەو هاووڵاتییانە کردەووە کە لە دەرەوەی ماڵەکانیان مابوونەوە.