Yılmaz Kazandıoğlu
15 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2022
وان - AA
بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە پلانی پاراستنی دەریاچەی وان و پڕۆگرامی جێبەجێکردنی پلانەکە، چوارەمین فێستیڤاڵی پاسکیلسواری دەوری دەریاچەی وان دەستی پێ کرد.
بە هەماهەنگی نێوان پارێزگا و شارەوانی وان، شارەوانی بەدلیس، شارەوانی ئەو شارۆچکانەی دەکەونە سەر دەریاچەی وان و رێکخراوی چالاکوانانی دەریاچەی وان، "چوارەمین فێستیڤاڵی پاسکیلسواری دەوری دەریاچەی وان" دەستی پێ کرد و تیایدا ٢٥٠ پاسکیلسوار، بەشداربوون.
جێگری سکرتێری گشتیی شارەوانی وان، ئەسینەر چەتین لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان باسی لە دەست پێ کردنی فێستیڤاڵەکە کرد و گوتی: "نزیکەی هەزار وەرزشکار لە ناوچە جیاجیاکانی تورکیاوە بۆ بەشداریکردن لەم فێستیڤاڵەدا خۆیان ناونووس کرد، بەڵام تەنها داواکاری ٢٥٠یان پەسەند کرا. پاسکیلسوارەکان بە چواردەوری دەریاچەی وان-دا دەسوڕێنەوە کە مەوداکەی ٤٥٠ کیلۆمەترە. ئامانجمان خزمەتکردنە بە کەرتی گەشتوگوزاری شارەکە، پاراستنی دەریاچەی وان و راکێشانی سەرنجە بۆسەر دەریاچەکە. وەک ئاشکرایە دەریاچەی وان پیس دەبێت و پاککردنەوەشی پێویستی بە هۆشیارکردنەوە هەیە. لێرەوە داوا لە هەموو هاونیشتیمانییەکانم دەکەم، دەریاچەی وان بپارێزن".
یەکێک لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە کە لە شاری ئافیۆن-ەوە هاتووەتە شاری وان، ناوی یەحیا کوچوکتوتونجو-وە و لە میانی لێدوانێکیدا گوتی: "دەمانەوێت لە نزیکەوە سروشتی دەریاچەی وان ببینین کە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بە 'دەریای وان' ناسراوە. ئەم چالاکییەش کارێکی جوانە و هیوای بەردەوامبوونی بۆ دەخوازین".
پاسکیلسوارەکان گەشتەکەیان بە دەوری دەریاچەی وان-دا دەست پێ کرد کە مەوداکەی ٤٥٠ کیلۆمەترە، بڕیاریشە فێستیڤاڵەکە رۆژی ٢١ی ئاب کۆتایی بێت.