Mazın Asad
24 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە یەکێک لەو پرسانەی لە پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ تاوتوێی کراوە پرسی پێدانی چەکە بە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/یەپەگە و گوتیشی: "بەڕێز ترەمپ بە روونی رێنمایی دا کە لەمەودوا چەک بە یەپەگە نەدرێت بە روونیش ئاماژەی بەوە دا کە پێویست بوو پێشتر کۆتایی بەم کارە بێ مانایە بدرایە".
دوای کۆبوونەوەی نێوان چاوشئۆغڵو و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی کۆنگۆی دیموکرات، لیۆنارد شی ئۆکیتوندۆ لە بارەگای گشتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش ساز کرا.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەردۆغان و ترەمپ، چاوشئۆغڵو رایگەیاند "بەڕێز سەرکۆمارمان لەبارەی لووتکەی سۆچی زانیاری خستەڕوو. لە راستیدا لە قۆناغی جنێڤ و بەدەستھێنانی شەرعیيەت و لە زۆرێک لە پرسەکاندا واتا لەبارەی چارەسەری سیاسی سووریا، بۆچوونی رووسیا و ئەمریکا لەیەک دەچن. بێگومان بۆچوونی ئێمەش لەگەڵ ئەمریکا لەیەک دەچێت. ھاوکات ھەندێک بابەتیش ھەیە کە کۆک نین".
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "ھەروەک چۆن ئێمە لە سۆچی دژی بەشداریکردنی یەپەگە بوون لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی، ئێرانیش بە ھەمان شێوە لەم بابەتە دژی بوو. روونکردنەوەکانی ئەوێتان بینی و بە راشکاوانە ئاماژەمان بە بەشداری پێنەکردنی رێکخراوانی تیرۆریستی لە کۆنگرەکە و رێزگرتن لە سنوور و یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە. لەبارەی بەشداریکردنی لایەنەکان، ھەر سێ وڵات پێکەوە راوێژ دەکەن و پێکەوەش بڕیار دەدەن".
چاوشئۆغڵو ھەروەھا گوتی: "لەبارەی بەشداریکردنی یەپەگە لەم پێکھاتەیەدا(کۆنگرەکە)، زۆر بە روونی بەڕێز سەرکۆمارمان بە ترەمپی راگەیاند. یەکێک لەو پرسانەی بە ئاراستەی نەرێنی کاریگەری زۆری لەسەر پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا دروست کرد، بێجگە لە پرسی فەتۆ و پرسەکانی دیکە، پێدانی چەکە بە یەپەگە لە لایەن ئەمریکاوە. دواجاریش بینیمان ھەندێک ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی پێدا. بەڕێز سەرکۆمارمان جارێکی دیکە نیگەرانی خۆی لەوبارەیەوە بە بەڕێز ترەمپ راگەیاند. بەڕێز ترەمپیش بە روونی رێنمایی دا کە لەمەودوا چەک بە یەپەگە نەدرێت بە روونیش ئاماژەی بەوە دا کە پێویست بوو پێشتر کۆتایی بەم کارە بێ مانایە بدرایە".