ئەنقەرە
بەیانی ئەمڕۆ سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دژ بە تیرۆر پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی ئەنجامدا و تێیدا دواین پێشھاتەكانی ئۆپەراسیۆنەكان تاوتوێ كراوە و بارزانی لە دژی تیرۆر ئامادەیی نیشان داوە بۆ ھەماھەنگی كردن لەگەڵ توركیا.
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو سەبارەت بە ھەڵوێستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لەمەڕ ئۆپەراسیۆنەكانی دژبە رێكخراوەكانی تیرۆریستی گوتی: "ئەمڕۆ بەڕێز بارزانی پێی گوتم ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دژی داعش و پەكەكە مافی خۆتانە، لەو چوارچێوەیەدا ئامادەین ھەموو ھەماھەنگییەك لەگەڵ توركیا بكەین".
گووتیشی: "پەیوەندییەكی دۆستانە و سەركەوتوو لە نێوانماندا بەڕێوەچوو".
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە داودئۆغڵو راگەیاندووە كە ئەوان درك بەوە دەكەن كە ئۆپەراسیۆنەكان لە بەرامبەر نەتەوە و مەزھەبێك نییە لەو بارەیەوە داودئۆغڵو گوتی: "ھەموو پێكھاتەكانی عێراق بە كورد و توركمان و عەرەب و بە ھەمان شێوە پێكھاتەكانی كورد و توركمان و عەرەب لە سووریا برای ئێمەن، ئۆپەراسیۆنەكان دژی نەتەوەیەك و نەژادێك نییە، من ئەوەم بە بەڕێز بارزانی گوت ئەویش لەبەرامبەردا رایگەیاند كە ئەوانیش دەزانن ئەو ئۆپەراسیۆنانە ھیچ پەیوەندییەكی بە پێكھاتەیەكی ئەتنیكی و مەزھەبی نییە. بارزانی دووپاتیشی كردووە كە ئەوان لە دژی تیرۆردا ھەموو كات ئامادەن ھەماھەنگی لەگەڵ توركیا بكەن ھەر وەكو پێشتریش ئامادەیی خۆیان نیشاندابوو كە ھاوكاری ھەموو جۆر ھەماھەنگێك بكەن".