Abdullah Shukur
16 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2018
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سکرتێری گشتی ناتۆ، یانس ستۆڵتەنبێرگ ئەنجامدا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەستکەوتوون، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسی لێدوانەکانی گوتەبێژی ھاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لەبارەی پێکھێنانی "ھێزی ئاسایشی سنووری سووریا"کراوە.
ئەردۆغان جەختی لەوە کردووەتە کە "پێکھێنانی ھێزێک لە چەکدارانی ھێزەکانی سووریای دیموکرات کە زۆربەیان لە چەکدارانی پەیەدە/پەکەکە پێکھاتوون، ھەرگیز جێگەی قبوڵکردن نییە بۆ تورکیا".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم جۆرە ھەوڵانە خزمەت بە سەقامگیری و یەکێتی خاکی سووریا ناکات و ھاوکاریکردنی رێکخراوەکانی تیرۆریستی لە لایەن بەشێکی ھاوپەیمانەکانی تورکیا جێگەی قبوڵ نییە.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ سکرتێری گشتی ناتۆ، یان ستۆڵتەنبێرگ ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە تورکیا لە بەرامبەر پێشھاتەکانی ئەم دوایەی سووریا لە چوارچێوەی مافی یاسای نێودەوڵەتی، گشت رێوشوێنێکی پێویست بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی، دەگرێتەبەر.
لەلایەکی دیکەش سکرتێری گشتی ناتۆ، یان ستۆڵتنبێرگ رایگەیاندووە کە ئەوان لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگەن و مافی تورکیایە کە خۆی لە ھێرشە تیرۆریستییەکان بپارێزێت.
ستۆڵتەنبێرگ جەختی لەوەشکردووەتە کە تورکیا بۆ ناتۆ وڵاتێکی گرنگە و لەبارەی پێکھێنانی ھێزێکی ئاسایش لە باکوور سووریا راوێژ بە ناتۆ نەکراوە.
لە کۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئەردۆغان رایگەیاندووە کە تورکیا دەستەوەستان ناوەستێت لە بەرامبەر دامەزراندنی پێکھاتەیەکی تیرۆریستی لەوبەری سنوورەکانی و لەمبارەیەشەوە بەردەوام دەبن لە پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، ھاوکات سکرتێری گشتی ناتۆ، یان ستۆڵتەنبێرگ جەختی لە گرنگی ئەنجامدانی دیالۆگ لە نێوان ھاوپەیمانەکان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە، کردووەتەوە.